بە هەوڵی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان دروست کردنی پاڵاوگەی چووکە هەڵوەشایەوە

20:07 - 13 رەزبەر 2717
ئاژانسی کوردپا: ڕێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران دروست کردنی پاڵاوگەیەک لە تەنیشت گۆلی زرێباری هەڵوەشاندەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پاش بە دواچوونە بەردەوامەکان و ناڕەزایەتی توندی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان لە هەمبەر دروست کردنی پاڵاوگەیەک لە تەنیشت گۆلی زرێبار، بە شێوەی فەرمی حوکمی هەڵوەشانەوەی دروست کردنی ئەو پاڵاوگەیە، لەلایەن ڕێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران ڕاگەیاندرا.

مانگی ڕێبەندانی ساڵی ٩٤، پاش بڵاوبوونەوە هەواڵی دروست کردنی پاڵاوگەی نەوت لە شاری مەریوان لە دەشتی \"بیلو\" لە دەورووبەری گۆلی زرێبار، هاووڵاتییان و چالاکانی ژینگەپارێزی شاری مەریوان لە هەمبەر بارودۆخی گۆلی زرێبار نیگەرانی خۆیان دەربڕی.

چالاکانی ژینگەپارێزی شاری مەریوان دروست کردنی پاڵاوگە لە نزیک گۆلی زرێبار وەکوو \"دوایین تەقەی کوشەندە لە ژیانی زرێبار\" (شلیک تیر خلاص بە زندگی زریبار) ڕاگەیاندووە.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ ڕەزبەر، ١٣٩٥ی هەتاوی، سێ دووچەرخە سواری ئەنجومەنی پاژینی شاری بانە، بە نیشانە پشتیوانی و ناڕەزایەتی دەربڕین لە مەڕ دروست کردنی پاڵاوگەی نەوت لە دەورووبەری گۆلی زرێباری مەریوان، مەودای ١٣٥ کیلۆمێتری کوێستانەکانی بانە هەتا شاری مەریوانیان بڕی.

هەروەها، ڕۆژی ڕابردوو ٢٨ی ڕەزبەر، ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان لە پەیوەندیی لەگەڵ دروست کردنی پاڵاوگەیەکی نەوت لە مەودای کەمتر لە دوو کیلۆمێتری شوێنی حەسانەوەی ژینگەی ئاژەڵانی زرێبار بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە.

ئەنجومەنی سەوزی چیا لەو بەیاننامەیدا ڕای دەگەیەنێت؛ بە هیچ شێوەیەک تەحموڵی بەڕێوەچوونی ئاوەها پرۆژەگەلێکی کاولکارانە ناکەین و نایهێڵین زرێباری باوانمان کە گرێدراوی هەست و نەستمانە بەرەو باوەشی مەرگ بەرن.

ئێمە تاقەتی بینینی برینی قووڵی پاڵاوگەی نەوت لە سەر جەستەی زرێمارمان نییە و لە ئاستیدا بێدەنگ نابین، چونکە بێدەنگیمان بە واتای نەمانمانە.

بەم بۆنەیەوە ئەو ئەنجومەنە داوا لە سەرجەم خەڵک و ڕێکخراوەکان، کارناسان، ژینگەپارێزان، میدیا و بەرپرسان چاوەڕوانین لە ئاست دانانی ئەم پرۆژەیە بێدەنگ نەبن و هەڵوێستی شیاو بگرن، چونکە هەموومان لە بەرامبەر هەر پێشهاتێکی نەخوازراودا بەرپرسین.

گۆلی زرێبار یەکێک لە گۆلە ئاو شیرینەکانی جیهانە، کە بە بەرزایی ١٢٥٠ متر لە ئاستی زەریا و بە درێژایی ٥ کیلۆمێتر لە ڕۆژئاوای شاری مەریوان هەڵکەوتووە.