بە هەزاران کۆڵبەری کورد لەئوستانی کرماشان بێکار کران

14:39 - 3 خەرمانان 2715
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرانی کورد لەدوو خاڵی سنووریی پاوە و قەسرینی شیرین لەگەڵ هەرێمی کوردستان، سەرەڕای پێدانی کارتی پیلەوەری، رێگریی لەکارکردنیان دەکرێت.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بازارچە سنوورییەکانی ئوستانی کرماشان لەشوشمێ هەڵکەوتوو لەشاری نەوسوود لەسەرەتای مانگی میلادییەوە (مانگی ٩) چالاکییەکانیان رادەگرن.

قەدەغەکردنی هاتوچۆی کۆڵبەران لەسنووری شوشمێ و قەسری شیرین لەسەر بڕیاری راستەوخۆی وەزارەتی ناوخۆوە ئەنجام دراوە.

بە دەرکردنی ئەو بڕیارە بژیوی ژیانی بە هەزاران کۆڵبەر لەگەڵ کێشە و ئاریشە بەرەوڕوو دەبێتەوە، لەحاڵی حازردا ٥٠ هەزار کەس ئەندامی تەعاونی سنوورنشینانی شاری پاوەن.

دەوترێت کە ئەو کۆڵبەرانەی کارتی مۆڵەتی سنووریان لەو چەند مانگەی دواییدا لەرێگەی ئێلێکترۆنییەوە دەرکراوە، لەمانگدا تەنیا دوو جار دەتوانن کەڵکی لێ وەربگرن.

هەواڵنێری کوردپا لەزاری دانیشتوانی ئەو ناوچەیەوە بڵاوی کردووەتەوە، کە بەرپرسان \" رێکخستنەوەی سەر لە نوێی کاڵا و باجیان\" بە هۆکاری داخرانی سنووری شۆشمێ و قەسری شیرین لەقەڵەم داوە.

ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بە هۆی نەبوونی سەرمایەگوزاری دەوڵەتی و کەرتی تایبەت، هەروەها نەبوونی پڵانڕێژی ئابووری کەوتووەتە بازنەی ناوچە بێبەری کراوەکان.