بە هێندیک ناڕوونییەوە سەبارەت بە داخوازییەکانیان، مانگرتنی زیندانیانی ورمێ کۆتایی هات

15:03 - 3 بەفرانبار 2714
ئاژانسی کوردپا: زیندانیانی سیاسیی کورد لە زیندانی ورمێ، پاش ٣٤ رۆژ لە تێپەڕینی مانگرتنەکەیان، سەرئەنجام لەسەر بەڵینیی بەرپرسانی قەزایی و ئەمنیەتی، کۆتاییان بەو مانگرتنە هێنا، کۆتاییەک کە روانگەی جیاوازی لە نێو میدیاکاندا لێکەوتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە نێوان کێشەی توند لەمەڕ هەواڵ و زانیاری بڵاو کراوە سەبارەت بە کۆتایی هاتنی مانگرتنی زیندانیانی سیاسیی کورد لە زیندانی ورمێ، بە پشت بەستن بە چەند سەرچاوەی ئاگادار، هەواڵی کۆتایی هاتنی مانگرتنەکە بڵا وکرایەوە.

زیندانیانی سیاسیی کورد لە زیندانی ورمێ، کە خاوەنی چەندین روانگە و بۆچوونی جیاوازن و ٢٤ کاتژمێر جیاوازیی بۆچوون لەمەڕ کاتی کۆتایی هاتنی مانگرتنەکە لە گۆڕیدایە، چەندین راپۆرت و هەواڵ لە پێوەندی لەگەڵ کۆتایی مانگرتنی زیندانیانی سیاسیی زیندانی ورمێ بڵاوبوویەوە.

هەواڵنێری کوردپا، لەزاری چەند بنەماڵە و پارێزەری زیندانیانەوە رایگەیاند؛ لە ماوەی ٢ رۆژی کۆتایی مانگرتنەکە چەندین هەواڵی دژبەیەک لە دەرەوەی زیندان بڵاووبوونەوە، کە بەپێی بەڵگەکان، زیندانیانی سیاسی سەبارەت بە کۆتایی هاتنی مانگرتنەکە کێشەیان بووە.

ئەو مانگرتنە لە کاتێکدا کۆتایی پێهات، کە بەپێی ئەو هەواڵ و راپۆرتانەی بڵاووبوونەوە، بەرپرسانی زیندان و دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، بەڵێنیی جێبەجێ کردنی خواستی زیندانیانی سیاسییان بەو زیندانیانە داوە.

لەلایەکی دیکەوە، راپۆرتەکان باس لە گواستنەوەی زیندانیان بۆ بەندەکەی خۆیان دەکەن کە لەلایەن چالاکانی سیاسی و مافی مرۆڤییەوە بڵاو کراونەتەوە، کە هەتا ئیستا هیچکام لە سەرچاوەو هەوالدەرییە باوەڕپێکراوەکان پشتڕاستیان نەکردۆتەوە.

مانگرتنی زیندانیانی سیاسیی کورد دوابەدوای دەستبەکاربوونی کەمپەینی \"ئەمرۆ ورمی دڵی کوردستانە\"، کە بۆ پشتیوانی لەو زیندانیانە و وەرێخستنی مانگرتنی گشتی لە کوردستان دەستی بە چالاکی کردبوو، کێشە لە نێوان لایەنگرانی رەوتە فکری و سیاسییەکان و هەروەها میدیا سەربەخۆ و حیزبییەکاند دروست بوو.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لەماوەی ٣٤ رۆژ مانگرتنی ئەو زیندانییە سیاسییانەدا، بەردەوام و بە شێوەی بەڵگەمەند هەواڵ و راپۆرتی سەبارەت بە مانگرتنی ئەو زیندانییە کوردانە بڵاو دەکردەوە.

لە دەستپێکی مانگرتنی زیندانیانی سیاسیی کوردەوە هەتا ٣٤مین رۆژی ئە ومانگرتنە، سەرجەم هەواڵ و راپۆرتەکانی ئاژانسی کوردپا لەسەر ئەو زیندانیانە، بە پشت بەستن بە راپۆرتی هەواڵنێرانی ئەم ئاژانسە و لە زاری پارێزەر و بنەماڵەی ئەو زیندانییانەوە بووە.

\"23796.jpg\"
لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان، هاووڵاتییانی کورد بە لەبەرچاوگرتنی بانگەوازی کەمپەینەکە، بازاڕەکانیان داخستووە، کە ئەم مەسەلەیە ئەمنیەتی بوونی بەشیک لە شارەکانی کوردستانی لێکەوتەوە.
کەمپەینی ئەمرۆ ورمێ دڵی کوردستانە، لە سوپاسنامەیەکدا، پیزانینی خۆی بۆ خەڵک و حیزبەکانی کوردستان و هەروەها میدیاکان لەمەڕ پشتیوانی لە مانگرتنی ئەو زیندانیانە، دەربڕیوە.

لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان، هاووڵاتییانی کورد بە لەبەرچاوگرتنی بانگەوازی کەمپەینەکە، بازاڕەکانیان داخستووە، کە ئەم مەسەلەیە ئەمنیەتی بوونی بەشیک لە شارەکانی کوردستانی لێکەوتەوە.

لە ماوەی ٢ رۆژی کۆتایی مانگرتنی زیندانیانی سیاسیدا، بەیاننامەیەک لەژێر ناوی \"بەیاننامەی زیندانیانی سیاسیی مانگرتوودا لە زیندانی ورمێ بڵاوبوویەوە.

لەو بەیاننامەیەدا، زیندانیانی سیاسیی کورد رایانگەیاندووە: \"ئێمە لەسەر داوای هیچ گرووپ و رێکخراوێک یان رەوتێکی سیاسی مانمان نەگرتووە، هەتا لەسەر داوای ئەوان کۆتایی بەو مانگرتنە بێنین\".

لەو بارەیەوە چەندین هەواڵ سەبارەت بەوەیکە لەسەر داوای رەوتێکی سیاسی، کۆتایی بەو مانگرتنە هاتووە، کە دوابەدوای بڵاووبوونەوەی ئەو هەواڵە، زیندانیانی سیاسیی زیندانی ورمێ بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە.

شێوازی گواستنەوەی زیندانیانی ناڕازی و مانگرتوو، هەروەها جێبەجی کرانی داخوازیی زیندانیان لەلایەن بەرپرسانی حکوومەتییەوە، هەتا ئێستا روون نەبۆتەوە.