بە هۆی کێشەی ماڵی شارەداریی ئەیوان دەسبەسەر کرا

21:18 - 1 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: شارەداریی شاری ئەیوان، لەگەڵ سێ کەس لە فەرمانبەرانی ئەو شارەدارییە بە هۆی گەندەڵیی ماڵی، دەسبەسەر کران.

هەواڵدەریی حکوومەتیی \"مێهر\" بڵاوی کردەوە، ڕۆژی یەکشەممە ٣١ی پووشپەڕ، شارەداریی شاری ئەیوان سەر بە پارێزگای ئیلام، لەگەڵ سێ کەس دیکە لە فەرمانبەرانی ئەو شارەدارییە دەسبەسەر کران.

بڕیاری دەسبەسەرکردنی ئەو چوار کەسە لە لایەن دادستانی ئەو شارەوە دراوە.

بە وتەی یەکێک لە ئەندامانی شۆرای شاری ئەیوان، بەدواداچوون بۆ پرسی گەندەڵی لە شاری ئەیوان لە مانگەکانی ڕێبەندان و ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو دەستی پێکردوە و بەو شێوەیە داهاتی شارەداری لەگەڵ تێچووەکەی هاوتەریب نەبووە و بەپێی لێکۆڵینەوەکان کە ئەنجام دراوە گەندەڵی و سەرپێچییەکانی شارەدار و فەرمانبەرەکان ڕوون بووتەوە.

هەروەها، دادستانی شاری ئەیوان لەو پەیوەندییەدا ڕایگەیاند: \"بە هۆی کەمتەرخەمیی مودیریەتیی شاەرداری ئەیوان، لە ئەنجامدانی ئەرکەکانی و قسوور لە چارەسەرکردنی کێشەی خەڵک، دادگوستەریی ئەم شارە دژی شارەداری و ئەندامانی شۆرای شار، دۆسیە پێکدەهێنن\".

شاری ئەیوان بە حەشیمەتی ٣٠هەزار کەسی لە ٣٥ کیلۆمێتری باکووری پارێزگای ئیلام هەڵکەوتووە.