بە هۆی ڕەخنەگرتن لە سپای پاسداران چالاکێکی سیاسی دەستبەسەر کرا

17:09 - 29 جۆزەردان 2716
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی دەستبەسەر کردنی چالاکانی سیاسی و مەدەنی، چالاکێکی سیاسی لە ساری سۆنقوڕ و کولیایی، لە لایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"عەلی حەسەن شەمایلی\" چالاکی سیاسی و یەکێک لە ڕێفوڕمخوازانی شاری کرماشان، ڕۆژی ٢٤ی جۆزەردان لە شاری سۆنقوڕی کولیایی، لە ماڵەکەی خۆیدا لە لایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی شاری سۆنقوڕەوە دەستبەسەر کرا.

عەلی حەسەن شەمایلی مامۆستای کۆمەڵناسیی قۆناغی دواناوەندی و یەکێک لەو چالاکانەیە کە بە نووسینی بابەتە ڕەخنەگرانەکانی لە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، لە شاری سۆنقوڕ و کرماشان ناسراو بوو.

پێشتریش ئەو چالاکە سیاسییە کوردە، بە هۆی ڕەخنە گرتن لە حکوومەت دەستبەسەر کرا بوو، هەروەها چەند حەوتوویەک پێش ئیستا، بابەتێکی توندی لە سەر بەشداریی سپای پاسداران لە شەڕی سووریەدا نوسیبوو.

دەگوترێ، ناوبراو ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٤ی جۆزەردان لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر کراوە و لە گرتووخانەی حیفازەت ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە شاری کرماشان ڕاگیراوە، ناوبراو ڕۆژی پێنج‌شەممە ڕێکەوتی ٢٧ی جۆزەردان، لە کرماشانەوە بۆ زیندانی شاری سۆنقوڕ دەگوازرێتەوە.

پێشتریش \"عەلی حەسەن شەمایلی\" لە ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی‌دا، جارێکی دیکە دەستبەسەر کرابوو.

شاری کوردنشینی سونقوڕ بە حەشیمەتی زیاتر لە ١٣٠ هەزار کەسەوە، لە ٨٥ کیلۆمیتریی باکووری ڕۆژهەڵاتی ئوستانی کرماشان هەڵکەوتووە.