بە هۆی ڕووداوی هاتوچۆ کۆڵبەرێکی کورد گیانی لە دەست دا

21:15 - 20 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کورد خەڵکی شاری پیرانشار بە هۆی ڕووداوی هاتوچۆوە گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کۆڵبەرێکی کورد خەڵکی شاری پیرانشار بە ناوی \"عومەر شەختانی\" بە ڕووداوی هاتوچۆ لە نێوان جاددەی پیرانشار _ نەغەدە گیانی لە دەست دا؛ ئەو ڕووداوە ڕۆژی سێشەممە ١٨ی بانەمەڕ ڕوویداوە.

کۆڵبەر بە چین و توێژەکانی کوردستانی ئێران دەوترێ، کە لە ناوچە سنوورییەکان بە کاری کۆڵکێشییەوە خەریکن.

زۆرترین هاووڵاتییانی کورد بە هۆی نالەبار بوونی دۆخی ئابووری، نەبوونی هەلی کار و بێکاری لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، بەناچاری خەریکی کاری کۆڵبەرین و زۆرجار لەگەڵ مەترسی گیان لە دەستدان بەرەڕوو دەبنەوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندیی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ساڵی ٩٦دا، ٣٣ کۆڵبەری کورد بە هۆی ڕووداوی هاتوچۆ لە کوردستانی ئێران گیانیان لە دەست داوە.