بە هۆی ڕووداوی هاتووچۆ ٨ کۆڵبەر لە بانە بریندار بوون

16:00 - 27 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: هەشت کۆڵبەری کوردی خەڵکی شاری بانە، بە هۆی ڕووداوی هاتووچۆ بریندار بوون و گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانە.

سەرلەبەیانی ڕۆژی ڕابردوو، دووشەممە ٢٦ی خەرمانان، بە هۆی پێکدادانی دوو ماشین لە جۆری پژۆ پارس و تویوتا ئیستیشن، لە جاددەی نێوان کەریماوای شاری بانە، هەشت کۆڵبەری کورد بریندار بوون.

\"بانە نیوز\" شوناسی ئەو هەشت کۆڵبەرە کوردەی بە ناوەکانی \"/ع. ح/، /ا. غ/، /م. ح/،/ب.غ/،/ک. و/، /ڕ. ز/، /ب.ع/ /ا. ز/\" و تەمەنیانی لە نێوان ٢١ هەتا ٥٠ ساڵ ڕاگەیاندووە.

ئەو هەشت کۆڵبەرە کوردە، موسافری تویوتا ئیستیشنەکە بوون، کە هەر کامەیان بەشێک لە جەستەیان لەو ڕووداوەدا بریندار بووە.

لە ئەنجامی ئەو ڕووداوەدا، شۆفێری پژۆ پارسەکەش، بە ناوی \"ب.ع\" تەمەن ٢٣ ساڵ، بە سەختی بریندار بووە و لە لایەن ئورژانسەوە بۆ نەخۆشخانە گوازراوەتەوە.