بە هۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشکی زیندانییەکی کورد گورچیلەی لە دەست دا

21:00 - 28 رێبەندان 2717
ئاژانسی کوردپا: دۆخی جستەیی زیندانییەکی سیاسیی کورد، خەڵکی شاری کامیاران لە گرتووخانەی شاری مەسجد سلێمان نالەبارە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەنگیز قەدەمخێر، زیندانیی سیاسیی کورد، لە گرتووخانەی شاری مەسجد سلێمان، بە هۆی بێبەری بوون لە خزمەتگوزاریی پزیشکی، گورچیلەی ڕاستی لە دەست داوە.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، ماوەی چەند ساڵێکە تووشی نەخۆشی گورچیلە بووە و هەتا ئێستە بەرپرسانی زیندان ڕەزامەندی خۆیان لەسەر چارەسەریی پزیشکی ناوبراو لە دەرەوەی زیندان دەرنەبڕیوە.

دەستێوەردانەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لە دۆسییەی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، ناوبراویان لە چارەسەریی پزیشکی لە دەرەوەی زیندان بێبەری کردووە.
چەنگیز قەدەمخێر خەڵكی كامیارانە و مانگی جۆزەردانی ١٣٩٠ لە دەوروبەری شاری سنە، لە لایەن هێزەكانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر كرا.

ئەو زیندانییە سیاسییە لە لایەن دەزگای قەزایی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە، بە تۆمەتی \"هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی و ئەندامەتی لە حیزبێكی كوردیدا\" بە ٤٠ ساڵ زیندان مەحكووم کراوە.

مەسجد سلێمان لە مەودای ٤٧٠ کیلۆمێتری شوێنی لەدایکبوونی ئەو زیندانییە کوردەیە.