بە هۆی قەرزداریی، زیندانییەکی کورد لە زیندانی شاری دیواندەرە کوژرا

14:11 - 1 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی کورد خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی شاری دیواندەرە، لە زیندانی ئەو شارەدا، بە هۆی قەرزداربوون کوژرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ٣١ی جۆزەردان، \"ناسر کەریمیان\" خەڵکی گوندی \"ڕەشیدئاوا\"ی شاری دیواندەرە، بە هۆی کێشەی قەرز و قۆڵە لەگەڵ زیندانییەکی دیکەی کورد، تووشی شەڕ و کێشە دەبن و لە ئاکامدا کوژرانی ناوبراوی لێ کەوتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو باریەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕایگەیاند: ئەو زیندانییە کوردە، لە کاتی دەمەقاڵێ لەگەڵ زیندانییەکی دیکەی کورد، مێشکی زەربەی بینیوە و ئەمەش بووەتە هۆی گیان لە دەستدانی ناوبراو.

تەرمی ئەو زیندانییە کوردە، ڕەوانە پزیشکی یاساییی شاری سنە کراوە و هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوە.