بە هۆی خۆسووتاندن، ژنیک پاش ٤ ڕۆژ لە نەخۆشخانەی تەورێز گیانی لە دەست دا

13:29 - 10 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی کێشەی بنەماڵەیی، ژنێکی کورد هانای بۆ خۆسووتاندن برد و پاش چوار ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەی تەورێز گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینی ٩ی سەرماوەز، ژنێکی کورد بە ناوی \"فەرزانە پاک ئاری\" خەڵکی گوندی \"سەرچنار\" سەر بە شاری مەهاباد، بە هۆی کاریگەربوونی سووتاوییەکەیەوە، لە نەخۆشخانەی شاری تەورێز گیانی لە دەست دا.

ئەو ژنە هاووڵاتییە کوردە بە هۆی کێشەی کۆمەڵایەتی، ڕێکەوتی ٥ی سەرماوەز، ئاگری لە جەستەی خۆی بەردابوو و پاش ڕەوانە کردنی بۆ ناوەندی دەرمانیی شاری مەهاباد بە هۆی کاریگەری بوونی سووتاوییەکەیەوە، بۆ نەخۆشخانەی شاری تەورێز گوێزرایەوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە زیاتر لە ٩٠ لە سەدی جەستەی فەرزانە پاک ئاری سووتاوە و پزیشکەکانی نەخۆشخانەی شاری تەورێز، دۆخی تەندروستی ناوبراویان خراپ ڕاگەیاندبوو.

لە لایەکی دیکەوە، کۆتاییەکانی مانگی ڕابردوو، هاووڵاتییەکی دیکەی کورد بە ناوی \"رحیم نەقیب زادە\"، کوڕی ڕەسووڵ خەڵکی گوندی \"ئیندێزە\"ی شاری پیرانشار لە ڕێگای خۆهەڵواسینەوە، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.