بە هۆی بێکاری و نالەباریی ئابووری دوکتورێکی کورد خەریکی گسکلێدانە

15:00 - 4 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری مەریوان، کە دوکتورای ئاوی ژێرزەوی لە زانکۆی خاڕەزمی شاری تاران هەیە، بە هۆی بێکاری، لە پێترۆشیمیی شاری ئەهواز گسک لێ دەدات.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتییەکی کورد، خەڵکی شاری مەریوان، بە ناوی \"سەلاحەدین کامرانی\" کە خاوەنی دوکتورای ئاوی ژێرزەوی لە زانکۆی خاڕەزمی شاری تارانە، بە هۆی بێکاری، لە پێترۆشیمی شاری ئەهواز خەریکی گسکلێدانە.

ئەو دوکتورە کوردە، ڕۆژی ڕابردوو، ڕێکەوتی ٣ی بانەمەڕ، لە گرتە ڤیدئۆییەکی یەک خۆلەکیدا، باسی لە خوێندنی خۆی و بێکاربوونی دەکات، کە بە هۆی بێکارییەوە ڕووی لە کاری گسکلێدان لە پێترۆشیمی شاری ئەهواز کردووە.

بە وتەی دوکتور سەلاحەدین کامرانی، لەو گرتە ڤیدئۆییەدا، ناوبراو خێزاندار و خاوەنی دوکتورای ئاوی ژێرزەوییە و هەنووکە لە پێترۆشیمیی شاری ئەهواز بۆ کاری گسکلێدان دامەزراوە.

نەبوونی هاوسەنگی و هەماهەنگی لە نێوان بەشەکانی خوێندن و پێویستیی بازاڕی کار لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی بێکاریی دەرچووانی زانکۆ لە ئێراندا بە ئەژمار دێت.