بە هۆی بارینی بەفر زۆربەی قوتابخانەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات داخران

14:59 - 8 رێبەندان 2717
ئاژانسی کوردپا: بارینی بەفر لە شار و ناوچەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بووە هۆی داخرانی ڕێگە و قوتابخانەکان لە هەر چوار پارێزگای کوردستانی ئێران.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ئیدارەی گەیاندنی زانیاریی پەروەردە و بارهێنان لە پارێزگای ورمێ لە ڕاگەیندراوێکدا، بڵاوی کردەوە، بە هۆی بارینی بەفر و ساردبوونی کەشوهەوا و سەهۆڵبەندانەوە، هێندێک لە قوتابخانەی گوند و ناوچە و شارەکانی دەوروبەری ورمێ وەکوو: ئەنزڵ، نازلوو، سیلوانا و سۆماوبرادۆست، لە تەواوی قۆناغەکانی خوێندن و هەروەها لە شارەکانی پیرانشار، شنۆ، مەهاباد، سەردەشت و بۆکانیش لە تەواوەی قۆناغەکانی خوێندن و لە شاری تیکابیش قۆناغی سەرەتایی و ناوەندیی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ داخراون.

هەر لەم بارەوە، بەرپرسی پەیوەندیییە گشتییەکانی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی پارێزگای سنەش ڕاگەیاند: تەواوی قوتابخانەکانی شار و گوندی قوروە و ناوچەی سەرئێشاوا و شاری دێولان، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ داخراون.

عەلیڕەزا مەنتەشلوو ڕایگەیاند: تەواوی قوتابخانەکانی شار و گوندی بیجاڕ و ناوچەی کرانی و قوتابخانەی گوند و شاری سنە، ناوچەی کەڵاتەرزان و دیواندەرە و شاری زەڕینە لە شیفتی دوانیوەڕۆ دادەخرێن.

بەرپرسی ئیدارەی پەیوەندیییە گشتییەکانی پەروەردە و بارهێنانی پارێزگای کرماشانیش ڕایگەیاند: تەواو قوتابخانەکانی خوێندنی پارێزگای کرماشان سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە داخراون.

لە لایەکی دیکەوە جێگری ئیدارەی گشتی \"راهداری\" و گواستنەوەی جاددەکانی پارێزگای سنە، باسی لە داخرانی ١٥٠ ڕێگای گوندەکانی ئەو پارێزگایە بە هۆی بارینی بەفر لە دوو ڕۆژی رابردوودا کرد.