بە زۆر بە شوودان، خۆکوژیی کچێکی تەمەن ٢٠ ساڵەی لێ کەوتەوە

21:33 - 21 خاکەلێوه 2717
ئاژانسی کوردپا: لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، کچێکی تەمەن ٢٠ ساڵە لە شاری مەریوان بە هۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کچێکی لاوی تەمەن ٢٠ ساڵە خەڵکی شاری مەریوان بە هۆی بە شوودانی زۆرەملی لەلایەن بنەماڵەکەیەوە، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری مەریوان شوناسی ئەو کچەی بە \"ش.ا\" تەمەن ٢٠ ساڵ و خەڵکی گوندی \"سلێن\" و دانیشتووی \"تەپەی مووسکی\" شاری مەریوان ڕاگەیاندووە.

بەپێی وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەو کچە لاوە بە پێچەوانەی ویست و ئارەزووی خۆی لەلایەن بنەماڵەکەیەوە ناچار کراوە شوو بکات.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، \"ش.ا\" ماوەی نزیک بە ١٠ ڕۆژە ماڵی باوکی جێهێشتووە و هێندێک لە سەرچاوە نافەرمییەکان باسیان لە ئەگەری کوشتنی ئەو کچە کردبوو.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی خاکەلێوە، تەرمی ئەو کچە لە گۆلی زرێباردا دۆزرایەوە.

پێشتریش، ڕۆژی هەینی ١١ی خاکەلێوە، لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری مەریوان کچێکی لاو لە ڕێگای خۆهەواسینەوە کۆتایی به ژیانی خۆی هێنا.

ئاژانسی کوردپا، شوناسی ئەو کچە تەمەن ٢٥ ساڵەیەی بە ناوی:ش.ع\" خەڵکی گوندی\"شوێشە\" و دانیشتووی شاری مەریوان ڕاگەیاندبوو.

لێدان و بێڕێزی پێكردن، بەزۆر بە شوودان و ئاستەنگ دروستکردن بۆ ژنان و کچان لە هۆكارە سەرەكییەكانی خۆکوژیی ژنان و کچان دێنە ئەژمار.