بە داكۆكی لەسەر ئایدیاكان، داخوازی بۆ كۆتایی هێنان بە مانگرتنی كەبوودوەند

14:18 - 11 پووشپەڕ 2712
كوردپا: كەمپەینی پشتیوانی لە محەممەدسدیق كەبوودوەند لە بەیاننامەی ژمارە 3ی خۆیدا وێڕای پێداگری و پشتیوانی لە ویست و ئامانجەكانی كەبوودوەند، داوایان لێكردووە كۆتایی بە مانگرتنەكەی بهێنێ.

نوسخەیەك لە بەیاننامەی سێیەمی \"كەمپەینی پشتیوانی لە كەبوودوەند\" لەلایەن ئەو كەمپەینەوە بە ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا گەیشتووە كە ئەمەش دەقەكەیەتی:

بەیاننامەی ژمارە 3ی كەمپەینی پشتیوانی لە كەبوودوەند
كەمپەینی پشتیوانی لە محەممەدسدیق كەبوودوەند، دەبیری رێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان لە درێژەی پشتیوانی لە ویستەكانی ئەو سیمبولەی مافی مرۆڤ، جارێكی تر داوا لە كۆمەڵگای كوردستان دەكات كە بە هەوڵ و تەقەلای شیاو درێژە بە پشتیوانیی خۆیان بدەن، بە چەشنێك كە بتوانین دەنگی مافخوازانەی ناوبراو و كۆمەڵگای كوردستان بە شێوەیەكی باشتر بە گوێی كۆمەڵگای جیهانی و هەموو ویژدانە بەخەوەرەكان بگەیەنین و دیسان لەسەر مافی ئینسانیی خۆمان و ئەمەگناسی بۆ رۆڵەكانمان پێداگری بكەین و جارێكی دیكە ئەو پەیامە بگەیەنین كە لە هەر هەلومەرجێكدا رۆڵەكانی ئەم نیشتمانە كە بۆ ئازادی و مافەكانی نەتەوەكەیان خەبات دەكەن، بەتەنیا نامێننەوە.

هەتا كاتی داڕشتنی ئەم بەیاننامەیە، ئاغای كەبوودوەند سەرەڕای نەخۆشیگەلی زۆر و ژیانی تژی لە گوشار لە زیندان بۆ داكۆكی لەسەر مافی ئینسانی، لە 36مین رۆژی مانگرتنی خۆی دایە و بە شێوەیەكی ئاشكرا گیانی لەگەڵ مەترسیی جیددی بەرەوڕوویە. بەڵام ئێمە هاودەنگ لەگەڵ بنەماڵەكەیان و وەكوو یارانی كەبوودوەند، سەرەڕای داكۆكی كردن لەسەر ئەمەگناسی بە ئایدیاكان، خۆڕاگری و خەباتیان و هەروەها بە پێداگری لەسەر درێژەدان بە خەبات هەتا دەستەبەر بوونی هەموو مافەكانی مرۆڤ لە هەر شوناسێك، بۆ محەممەدسدیق كەبوودوەند و هاوڕێیانی دیكە كە بۆ پشتیوانی لە ناوبراو لە شارەكانی كوردستان و لە تاراوگە مانیان لە خواردن گرتووە و هادڵ و هاودەنگ لەگەڵ هاوڕێیانی دیكە كە نیگەرانن و لەگەڵ بەرپرسی رێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان هاودەنگن، روو بە ناوبراو دەمانەوێ‌ بڵێین كە:

هاوڕێی بەڕێز! دەنگی ئێمە جارێكی تر لە گەرووی ئێوەوە بە گوێی كۆمەڵگای جیهانی گەیشت و هیواكانتان هەمیسان گەشانەوە و جارێكی دیكە پەیمان و هاودەنگیی ئێمە لەگەڵ ئێوە و ئازادیخوازیدا تازە كرایەوە و سەرەڕای هەرچەشنە رەفتار و هەڵسوكەوتێكی دەسەڵات، ئێوە و هاوڕێیانتان جارێكی تر سەركەوتن. بۆیە ئێمە وەكوو یاران و هاوڕێیانت داواتان لێدەكەین كە كۆتایی بە ماتنگرتنەكەتان بهێنن و ئێمە لە راستای ئەمەگناسی بە ئارمان و باوەڕەكانتدا درێژە بە هەوڵ و چالاكی دەدەین. ئێمە دیسان دیتمان كە خەڵك و كۆمەڵگاكەتان بە تەنیاتان ناهێڵنەوە و ئێمەش بەتەنیا نین، هەرچەند دیوارەكان بیانەوێ‌ بەرتەسك، بێدەنگ و پەراوێزمان بخەن و لێكمان دوور كەنەوە.

ئێمە درێژە بە ئارمانەكانتان دەدەین و ئەگەرچی خۆتان وتتان: \"ئەمە كەمترین نرخێكە كە دەبێ‌ لەپێناو ئازادیدا بیدەین\"، تەئكید دەكەینەوە كە ئەمڕۆكە بوونی ئێوە، بۆ \"ژمان\"، بنەماڵەكەتان و خەڵكی كوردستان زەرووریە و ئێمە هەموو كات پێویستمان بە حزووری ئێوەیە. چونكە ئەم كۆمەڵگایە هەمیشە پێویستی بە كەسانێكی وەك ئێوەیە...

كەمپەینی پشتیوانی لە كەبوودوەند
11ی پووشپەڕی 1391ی هەتاوی
1ی ژووئیەی 2012ی زایینی