بە تەقەی ‌هێزە نیزامییەکان کۆڵبەرێک پێکرا

19:37 - 9 رەزبەر 2717
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە شاری سەردەشت تەقەیان لە کۆڵبەرێکی کورد کرد و لە ئاکامدا ئەو کۆڵبەرە کوردە بە سەختی بریندار بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ٨ی ڕەزبەر، کۆڵبەڕێکی کورد خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی شاری سەردەشت بە تەقەی هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئێران پێکرا.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەردەشت شوناسی ئەو کۆڵبەرە کوردەی بە\"سیامەند ڕاستگۆ\" کوڕی لوقمان خەڵکی گوندی میرئاوای شاری سەردەشت ڕاگەیاندووە.

هێزە ئینتزامییەکان لە شوێنێک بە ناوی\"وەزنێ\" ئەو کۆڵبەرە کوردەیان داوەتە بەر دەستڕیژی گوللە و لە ئەنجامدا ناوبراو بە سەختی بریندار بووە.

سیامەند ڕاستگۆ بە مەبەستی چارەسەری پزیشکی بۆ یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ورمێ ڕاگوێزراوە و هەنوکە لە ژێرچاوەدێری پزیشکی دایە.

کارناسان و مافپەروەران ڕوانگەیان ئەوەیە کە؛ هەر بەپێی یاسای بەکاربردنی چەک، تەقەی ڕوو لە کۆڵبەران، پێشل کردنی خودی یاساکەیە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە مانگی ژانووئیە هەتا ئاگوست لە ماوەی هەشت مانگی ٢٠١٧ زایینیدا، بە تەقەی هێزەکانی حکوومەتی، تەقینەوەی مین، ڕەنوو، سەرما و سۆڵە، بەربوونەوە لە بەرزایی، هێرشی هێزە نیزامییەکان، کوژران و بریندار بوونی کۆڵبەران لە ڕێگای هاتوچۆ، ١٤٩ کۆڵبەر بریندار و گیانیان لە دەست داوە.