بە تەقەی هێزە نیزامییەکان، دەیان ئەسپی کاسبکاران لەنێو چوون

14:53 - 9 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران، لە گوندە سنوورییەکانی شاری شنۆ، دەسڕێژیان لە ئەسپی کاسبکاران کرد و دەیان ئەسپ بەکوشت چوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ٨ی بانەمەڕ، ژمارەیەک لە ئەسپی کاسبکارانی کورد، لە گوندەکانی \"میرئاوا و پێگەڵە\" دەکەونە بۆسەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران و هێزە نیزامییەکانیش ئەسپی کاسبکارانی کورد دەدەنە بەر دەسڕێژی گوللە.

لە ئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران، دەیان ئەسپی کاسبکارانی کورد بەکوشت چوون و چالاکانی مەدەنیش ئەم هەوڵەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران بە \"تێکدانی سامانی خەڵک\" (تخریب اموال مردم) ناو دەبەن.

لە لایەکی دیکەوە ١٣ سەر ئەسپی کاسبکاران بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە سنووری شاری پیرانشار کوژراون و لاشەی ئەسپە کوژراوەکانیش لە مەزار و مووچەی خەڵک فڕە دراون.

ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی خاکەلێوە، لاشەی زیاتر لە ١٠ سەر ئەسپی کاسبکاران لە نێو دارستانەکانی گوندی \"میرئاوا\"ی شاری شنۆ کە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکان بەکوشت چبوون، دۆزرانەتەوە. هێزە ئینتزامییەکان پاش کوشتنی ئەسپی بارهەڵگری ئەو کاسبکارانە، دەستیان بە سەر کەلوپەلی کاسبکاراندا گرتووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.