بە تەقەی هێزەکانی حکوومەت، کۆڵبەرێکی دیکە بریندار بوو

21:05 - 20 خاکەلێوه 2717
ئاژانسی کوردپا: جارێکی دیکە تەقەی ڕاستەوخۆ لە کۆڵبەران و کاسبکارانی کورد لە لایەن هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەت لە ناوچەی سنووری شاری سەردەشت قوربانیی لێ کەوتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی ڕابردوو ١٩ی خاکەلێوە، هاووڵاتییەکی کۆڵبەر لە ئەنجامی دەستڕیژ و تەقەی هێزە حکوومەتییەکان بە سەختی بریندار بوو.

هەواڵی نێردراو بۆ کوردپا باس لەوە دەکات کە؛ هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران پاش نانەوەی بۆسە لە سەر ڕێگای کاسبکاران و کاروانچیەکان لە دەوروبەری گوندی بێتووشی شاری سەردەشت، یەکێک لە کاسبکارانی خەڵکی ئەو ناوچەیەیان کردە ئامانج.

شوناسی ئەو کۆڵبەرە کوردە بە \"ڕزگار\" خەڵکی گوندی \"کۆڵەسە\" ڕاگەیەندراوە.

هەروەها لە ئەنجامی ئەو دەستڕیژەی هێزە حکوومەتییەکاندا، حەوت سەر ئەسپ و وڵاغی کاروانچیەکان بە کوشت چوون.

دەوترێ، تەواوی کەلوپەلی کاروانچیەکان لە لایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە دەستی بە سەردا گیراوە.

لە سەرەتای ساڵی نوێی هەتاوییەوە تا هەنووکە، ئەمە ٧ـەمین کۆڵبەری کوردە کە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان بریندار دەبێت.