بە تەقەی مەئموورانی هێزە ئینتزامییەکان هاووڵاتییەکی سنەیی گیانی لەدەست دا
ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی خەزەڵوەر، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "فەرهاد زەندی" کوڕی "عێزتوڵڵا" و خەڵکی شاری سنە، بەهۆی تەقەی مەئموورانی هێزە ئینتزامییەکان، گیانی لەدەست دا.
یەکێک لە نزیکانی ئەو هاوووڵاتییە کوردە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "مەئموورانی هێزە ئینتزامییەکان بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو، ماشینی کەسیی فەرهادیان لە جادەی سنە- دێولان دابووە بەر دەسڕێژی گوللـە".
ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها وتی: "ماشینی فەرهاد زەندی هیچ جۆرە شتومەکێکی قاچاخی پێ نەبووە و بەهۆی بەرکەوتنی گوللـەی هێزە نیزامییەکان لە سەری، ناوبراو دەسبەجێ گیانی لەدەست داوە".
ئەو سەرچاوە ئاگادارە ئەوەشی خستەڕوو: "سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ١٧ی خەزەڵوەر، تەرمی ئەو هاووڵاتییە بە ئامادەبوونی هێزە ئینتزامییەکان لە سنە ئەسپەردەی خاک کرا و هێزە ئینتزامییەکان هەڕەشەیان لە بنەماڵەی زەندی کردووە کە لە وتووێژ لەگەڵ میدیاکان سەبارەت بەو ڕووداوە، خۆیان ببوێرن".
فەرهاد زەندی تەمەن ٣٨ ساڵ و باوکی منداڵێکە.