بە تەقینەوەی مین کۆڵبەرێک لە شاری مەریوان بریندرا بوو

14:27 - 3 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: تەقینەوەی یەکێک لە مینه بەجێماوەکان، برینداربوونی کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری مەریوانی لێکەوتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کاتژمێر ٩ی بەیانی، ڕۆژی هەینی ٢ی خەرمانان، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"ئەیووب نیک‌زاد\"، کوڕی \"عەتا\"، خەڵکی گوندی \"سەردۆش\" سەر بە شاری مەریوان بە هۆی تەقینەوەی مین بە سەختی بریندار بوو و ڕوانەی نەخۆشخانە کرا.

ئەو کۆڵبەرە کوردە، لە ناوچەی \"بەری بەگزادە\" لە سنووری \"دۆڵەبێ\" شاری مەریوان تووشی ئەو ڕووداوە بووە و دەست و دەموچاوی بە سەختی بریندار بووە و بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی مەریوان کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سپای پاسداران لە ڕێگای هاتوچۆی خەڵکی سڤیل، کۆڵبەران و کاسبکاران لە سنووری شاری مەریوان هەوڵی چاندنی مینی داوە.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی گەلاوێژ، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"سەبوور یاری\" تەمەن ٣١ ساڵ خەڵکی گوندی شمشێر، سەر بە بەخشی ناوەندیی شاری پاوە بە هۆی تەقینەوەی مین بە سەختی بریندار بوو و لەو ڕووداوەدا لاقی ڕاستی لە دەست دا.