بە تەقینەوەی مینێک هاووڵاتییەک بە سەختی بریندار بوو

20:41 - 25 بانەمەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: تەقینەوەی یەکێکی دیکە لە مینە بە جێماوەکانی شەڕی ئێران و عێراق لە شاری قەسری شیرین سەر بە پاڕیزگای کرماشان هاووڵاتییەکی تەمەن ٢٨ ساڵ بریندار بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی رابردوو ٢٤ی بانەمەڕ لە ئەنجامی تەقینەوەی مێنیکی بە جێماوە لە ناوچەی \"پل شیرازی\" سەر بە شاری قەسری شیرین هاووڵاتییەکی تەمەن ٢٨ ساڵ لاقێکی لە دەست دا.

هەواڵدەریی ئیرنا لەو بارەوە بڵاوی کردەوەکە؛ ئەو هاووڵاتییە کوردە لە کاتی سەردانی مەڕ و ماڵات لە ناوچەی پل شیرازی تووشی ئەو رووداوە دەبێت.

شوناسی ئەو لاوە تەمەن ٢٨ ساڵە هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە ناڕوونە.

لەو پەیوەندیەیدا، ٨ی بانەمەڕ، لە نزیک گوندی جەوشەن لە ناوچەی سەرشیوی شاری سەقز، هاووڵاتییەک بە هۆی تەقینەوەی مین لاقی ڕاستی لە دەست دا.

شوناسی ئەو هاووڵاتییە سەقزیە بە ناوی\"ئەحمەد غولامی\" تەمەن ٤٨ ساڵ ڕاگەیەنراوە.

پاش تێپەڕبوونی ٢٨ ساڵە بە سەر کۆتایی هاتنی شەڕی ئێران و عێراق، هەواڵەکان باس لە بریندار یان کوژراوەکانی کەرەستەکانی شەڕ و ئەدەواتی جەنگی دەکەن، هەواڵی گیان لە دەستدانی خەڵکی مەدەنی یان بریندار بوونیان لەم ماوەیەدا نیشانەی ئەوەیە کە شەڕ لە نێوان ‌هێزە نیزامییەکان تەواو بووە، بەڵام شەڕ لە دژی خەڵکی مەدەنی و ئاسایی درێژەی هەیە.