بە تەقینەوەی مینێک هاووڵاتییەکی لە سەردەشت بریندار بوو

20:27 - 29 خاکەلێوه 2717
ئاژانسی کوردپا: تەقینەوەی مین لە پشتی یەکێک لە گوندەکانی شاری سەردەشت، هاووڵاتییەکی خەڵکی ئەو گوندەی بریندار کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا: ئەمڕۆ سێ شەممە ٢٩ی خاکەلێوە، هاووڵاتییەکی کورد دانیشتووی گوندی\"مەزرا\" ی شاری سەردەشت بە نێوی\"حەسەن مام رەسووڵی\" بە هۆی کارەساتی تەقینەوەی مین بریندار بوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە هەنوکە بۆ چارەسەری پزیشکی بۆ یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری سەردەشت گواستراوەتەوە.

شاری سنووری سەردەشت یەکێکە لە شارەکانی کوردستانی ئێرانە کە بە هۆی هاوسنووری بوونی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کاتی شەڕی ئێران و عێراق زۆرترین مینی تێدا چێنراوە.

ساڵانە لە ئاستی جیهاندا زۆرترین هاووڵاتییان، کە زۆربەیان خەڵکانی مەدەنی بە ئەژمار دێن بە هۆی خاوێن نەکردنەوەی مینە چێندراوەکانەوە، کەمئەندام یان گیانیان لە دەست دەدەن.

بەپێی لێکۆڵینەوەکان، تێچووی دروست کردنی هەر مینێک ٣ دۆلار خەمڵێنراوە و ئەوە لە حاڵێکدایە کە بۆ کۆکردنەوە و پوچەڵکردنەوەی هەر مینێک، نزیکەی ٣٠٠ هەتا ١٠٠٠ دۆلار تێچووی دەبێت و ئامارەکانیش باس لەوە دەکەن زۆرترین بەرکەوتووەکانی مین خەڵکانی جووتیار و ئاژەڵدارن.

بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندیی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لە ساڵی ١٣٩٥ی هەتاویدا، ٥٢ هاووڵاتی کورد بە هۆی مینەوە کوژراو یان بریندار بوون کە ٩ کەس لە قوربانیان منداڵ بوون.