بە بەسیج کردنی قوتابییانی ناوچەی شنۆ بە بیانووی پێدانی وام + بەڵگە

16:07 - 14 بەفرانبار 2713
ئاژانسی کوردپا: ستادی پشتیوانی و هاوئاهەنگیی بەسیجی قوتابیان بەمەبەستی بە بەسیج کردنی قوتابییان، وامی کەم بەهرە بە قوتابیانی ناوچەی شنۆ ئەدات.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، \"قەرارگای بەسیجی سازەندگی\"ی شاری شنۆ لە بەخشنامەیەکدا بە حەوزەی بەسیجی قوتابخانەکانی ناوچەی \"شنۆ\"ی راگەیاندووە، ئەگەر هەر قوتابییەک ببێتە بەسیج، وامی کەم بەهرەی پێ ئەدرێت.

سەرچاوەکە گوتیشی، ئەو تەرحە لە ناو قوتابخانەکاندا بەشێوەیەکی بەربڵاو لەلایەن پایەگای موقاومەتی قوتابخانەکانەوە پڕوپاگەندەی بۆ دەکرێت و ئەمەش ترس و نیگەرانیی لای بنەماڵەی قوتابییان دروست کردووە و بنەماڵەی قوتابییان ئەو هەوڵەیان بە فریودانی قوتابییان لەقەڵەم داوە.

هاوکات چالاکانی سیاسیش لەو باوەڕەدان، حکوومەتی ئیسلامیی ئیران لەماوەی زیاتر لە ٣٠ ساڵی رابردوودا بەشێوەی سیستماتیک خۆی لە ئاوەدان کردنەوە و دانانی کارخانە و پرۆژەی خزمەتگوزاری لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بواردووە و لە رێگەی پێدانی وام و هێندێک پلانی دیکەی لەو چەشنە، هەوڵی راکێشانی قوتابییان و خەڵک بۆ ناو ریزەکانی بەسیج ئەدات.

لەرۆژانی رابردووشدا، \"بەرپرسانی پایەگای موقاومەتی قوتابخانەی دواناوەندیی \"عیلم و سەنعەت\"ی گەرەکی حەماڵاوای شاری سەقز بە قوتابیانیان راگەیاندبوو \"ئەگەر دەتانهەوێ لە داهاتوودا لە زانکۆکان وەربگیرێن، دەبێ فۆرمی تایبەت بۆ ئەندامبوون لە بەسیجدا پڕ بکەنەوە\".
\"17667.jpg\"

\"17668.jpg\"