بە بیانووی ئەگەری قاچاخ بۆ هەرێمی کوردستان ٤٥٠ سەر مەڕ دەستی بە سەردا گیرا

14:55 - 8 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی، لە سنووری شاری پیرانشار دەستیان بە سەر ٤٥٠ سەر مەڕدا گرت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند ڕۆژ پێش، ٤٥٠ سەر مەڕ هی ئاژەڵدارانی خەڵکی شاری پیرانشار، لە لایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتییەوە دەستی بە سەردا گیرا.

هێزە نیزامییەکان هۆکاری دەسبەسەرداگرتنی مەڕوماڵاتی خەڵک بۆ \"پێشگرتن لە قاچاخ بۆ هەرێمی کوردستان\" ڕاگەیاندووە، کە ئاژەڵدارانی پیرانشاری ئیدعای هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ڕەت دەکەنەوە.

ئاژەڵدارانی پیرانشاری بۆ وەرگرتنەوەی مەڕوماڵاتەکانیان سەردانی ناوەندە نیزامی و قەزایییەکانیان کردەوە، بەڵام هەتا ئێستا بەدواداچوونەکانی ئەوان ئاکامێکی ئەرێنی نەبووە.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی ڕەزبەر، هێزەکانی سپای پاسداران، دەستیان بە سەر ٢٠٠ سەر مەڕ ئاژەڵدارانی گوندەکانی \"میرئاوا و پێگەڵە\" لە سنووری کێلەشیندا گرت.