بە بۆنەی دڵەڕاوکێی لە بەڕێوەچوونی خۆپیشاندان کوردستان میلیتاریزە کراوە

14:50 - 9 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: دوای بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانی خەڵک لە شارەکانی ئێران و کوردستاندا دژی \"گرانی و خراپی بارودۆخی ژیان\"، ناوەندە نیزامی و ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی ئێران، کوردستانیان میلیتاریزە کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەگەڵ بەڕێوەچوونی خۆپیشاندان لە شارە جیاوازەکانی ئێران و کوردستاندا، ناوەندە نیزامی و ئیتڵاعاتییەکانی حکوومەتی ئێران، لە مەیدان و شەقامی شارەکانی کوردستان، هێزەکانی دژەشۆڕش و سپای پاسدارانیان جێگیر کردووە.

هەواڵنێری کوردپا ڕایگەیاند: هێزەکانی لیباس شەخسی و سپای پاسداران لە شارەکانی کرماشان، سنە، سەقز و بانەدا بڵاوەیان کراون و هاتووچۆی هاووڵاتییان لە ژێر چاوەدێری دایە.

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، ناوەندە نیزامی و ئیتڵاعاتییەکان لە کوردستاندا دوای بەڕێوەچوونی گردبوونەوە ناڕەزاییەتییەکان لە شارە جیاوازەکانی ئێران لە ترسی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندان لە شارە کوردییەکاندا، هێزەکانیان جێگیر کردووە.

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٨ی بەفرانبار، خەڵکی کرماشانیش، دژی گرانی و خراپی بارودۆخی ژیان هاتنە سەر شەقەماکان و لە گۆڕەپانی ئازادی گردبوونەوە و دروشمی \"زیندانییانی سیاسی دەبێت ئازاد بکرێن\" و \"خەڵك سواڵ دەکەن و ئاغا خودایی دەکات\"یان وتووەتەوە، میدیاکانی حکوومەتی ئێران، ژمارەی خۆپیشاندەرانیان \"٣٠٠\" کەس ڕاگەیاندووە.

دەوترێت، هێزەکانی دژەشۆڕش لە کرماشان لە گازی فرمێسکڕێژ و ماشینی ئاوپرژێن بۆ بڵاوکردن بە خۆپیشاندەران کەڵكیان وەرگرتووە.

هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٧ی بەفرانبار، لە شارەکانی مەشهەد، کاشمەر و شاهرود خۆپیشاندان بەڕێوە چووە و خەڵک بە دژی گرانی و خراپی باری ژیان ناڕەزاییەتیان دەربڕیوە. بە وتەی بەرپرسی دادسەرای ئینقلابی مەشهەد، ٥٢ کەس لە خۆپیشاندەران لەو پێوەندییەدا دەسبەسەر کراون.