بەیانییە/ زیندانیانی سیاسیی ئێران بەبێ هیچ شەرت و مەرجێک ئازاد بکرێن

16:45 - 28 جۆزەردان 2715
ئاژانسی کوردپا: چالاکانی سیاسی، مەدەنی، مافی مرۆڤی و کرێکاریی ئێران لە بەیانییەیەکدا خوازیاری ئازادیی بێ‌شەرت و مەرجی زیندانیانی سیاسی بوون.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەبەرەبەری ٣٠ی جۆزەردان رۆژی جیهانیی پشتیوانی لە زیندانی سیاسی، کۆمەڵێک لە چالاکانی سیاسی، مەدەنی، مافی مرۆڤی و کرێکاریی ئێران بەیانییەیەکیان بڵاو کردەوە.

لەم بەیانییەدا بە ئاماژە بەوەی کە دەوڵەتە رۆژئاواییەکان و رێکخراوە جیهانییەکان گرینگی‌دان بە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی ئیسلامییان خستووەتە پەراوێزەوە و بە پێداگری لەسەر خراپتربوونی دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران پاش هاتنەسەرکاری رۆحانی، زێدەتربوونی هێرش بۆ بەندی زیندانییانی سیاسی و دەرکردنی حوکمی نادادپەروەرانە لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامییەوە، هاتووە: \"پێویستە کۆمەڵگای جیهانی لە کەش و هەوای نامرۆڤانەی زاڵ بەسەر هەزاران زیندانیی سیاسی لە ماوەی دەسەڵاتی ٣٦ ساڵەی کۆماری ئیسلامی لە ئێران و راستییە هەژێنەرەکانی ئەم حکوومەتە ئاگادار بن\".

لە بەشێکی دیکەی ئەم بەیانییەدا واژۆکەران، هاوپێوەندی و پشتیوانیی خۆیان لە زیندانیانی سیاسی ــ عەقیدەتی و بنەماڵەکانیان دەربڕیوە.

چالاکانی سیاسی و مەدەنیی ئێران لە بەیانییەکەدا کۆمەڵێک داواکارییان پێشکەش کردووە و لە رێکخراوە جیهانییەکان داوایان کردووە کە لەهەمبەر جێبەجێ‌کردنی ئەو داواکارییانە حکوومەتی ئیسلامی بخەنە ژێر گوشار.

ئەو داواکارییانە کە لەلایەن ١٢٦ کەس لە چالاکانی سیاسی، مەدەنی، مافی مرۆڤی و کرێکارییەوە لە دووتۆی بەیانییەی پشتیوانی لە زیندانیانی سیاسیی ئێران، خراونەتەڕوو، لە خوارەوە ئاماژەیان پێ دەکرێت:

ــ لەسێدارەدانی چالاکان رابگیردرێت.

ــ هەموو شێوازەکانی ئەشکەنجە کۆتاییان پێ بێت.

ــ زیندانیانی سیاسی و عەقیدەتی بەزووترین کات و بەبێ هیچ شەرت و مەرجێک ئازاد بکرێن.

ــ زیندانیانی سیاسی لە مافی پێڕاگەییشتنی پزیشکی بەهرەمەند بن.

ــ ئازار و ئەزیەتی بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی کۆتایی پێ بێت.

ــ دەستبەسەرکردنی پارێزەری زیندانیانی سیاسی کۆتایی پێ بێت و مافی دەست پێڕاگەییشتنی زیندانیان لە کاتی دەستبەسەری و زیندانی‌بووندا بەبێ هیچ سنوورێک دابین بکرێت.

ــ کۆماری ئیسلامی لە هەمبەر سەردانی شاندە سەربەخۆوەکانی کۆمەڵگای جیهانی لە زیندانەکانی ئێران بخرێتە ژێر گوشار.