بەیانییەی ‌ئەنجومەنەکانی شاری مەریوان سەبارەت بە مەرگی گوماناویی سەحەر چوینی

15:37 - 25 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: ژمارەیەک لەئەنجومەنە ئەدەبی و فەرهەنگییەکانی شاری مەریوان لەپێوەندیی گیان لەدەست دانی گوماناوی کچە خوێندکارێکی زانکۆی زانستە پزیشکیەکانی هەمەدان بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەنجومەنەکانی کانوونی فەرهەنگی ـ هونەری ڤەژین، ئەنجومەنی فەرهەنگی ـ ئەدەبیی مەریوان، ناوەندی زانستی ـ فەرهەنگی رۆنان، ئەنجومەنی سەوزی چیا و ناوەندی تەندرووستیی ژین لە بەیاننامەیەکدا داوایان لە بەرپرسانی قەزایی ئێران کردووە کە بە شێوەیەکی بێ‌لایانانە دۆسیەی سەحەر چوینی تاوتوێ‌بکەن.

لەبەشێکی بەیاننامەکەدا هاتووە، مەرگی سەحەر چوینی کاریگەری نەرێنی لەسەر شارستانی مەریوان و خەڵکی ناوچەکە داناوە و هەروەها سەرنجی بیروڕای گشتیی بۆ لای دۆخی نالەباری کۆمەڵایەتیی و سیستمی فێرکاریی ئێران راکێشاوە.

لە بەیاننامەکەدا داوا لەنوێنەری خەڵکی شاری مەریوان لە مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران کراوە کە کاریگەری لەسەر هەر چی خێراتر بەڕێوە چوونی رەوتی دۆسییەکە هەبێت و لەو پێوەندییەدا فراکسیۆنی نوێنەرانی کوردیش ئەرکدار بکات.

رۆژی هەینی رێکەوتی ١٩‌ی رەزبەر سەحەر چووینی خوێندکاری رشتەی پەرستاریی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی شاری هەمەدان و خەڵکی شاری مەریوان بە شێوەیەکی گوماناوی لە خەوتنگەی زانکۆی بووعەلی هەمەدان گیانی لەدەست دا.

شێوزای گیان لەدەست دانی گوماناوی سەحەر لێدوانی جیاوازی بەدوای خۆیدا هێنا و لەو بارەیەوە بەرپرسانی زانکۆ لەو باوەڕەدابوون کە ئەو خوێندکارە دەستی داوەتە خۆکوژی و کۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە.

دوابەدوای ئەو رووداوە رۆژنامەی ئێعتماد لەزاری بەرپرسی \"پزیشک قانوونی\" شاری هەمەدانەوە بڵاوی کردەوە، سەحەر بەر لەوەێی کە هەڵبواسرێت، سەری زەبری بەرکەوتووە و هۆکاری گیان لەدەست دانەکەی خنکان نەبووە.

لەلایەکی دیکەوە پۆلیسی \"ئاگاهی\" هەمەدان بە هەواڵدەریی فارسی وتووە، سەحەر هیچ زەربەیەکی بەر نەکەوتووە و هۆکاری گیان لەدست دانەکەی خۆکوژی بووە.

خوێندکارانی زانکۆی هەمەدان بەنیشانەی مەحکووم کردنی شێوازی بەڕێوەبەریی زانکۆکە و هەروەها ناڕەزایەتیی دەربڕین بە چۆنیەتی بەدواداچوون و تاوتوێ‌کردنی دۆسیەی سەحەر چووینی، چەندین خۆپیشاندانیان بەڕێوە بردووە.

خوێندکارانی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی شاری هەمەدان، رێکەوتی ٢٢‌ی رەزبەر لە بەر دەم ئەو زانکۆیەدا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان پێکهێناو خوازیاری دەست لەکار کێشانەوەی بەرپرسی ئەو زانکۆیە بوون.