بەیاننامەی چالاکانی مەدەنی و خوێندکاریی کورد بۆ مانگرتنی گشتی لەکوردستانی ئێران

18:59 - 5 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: کۆمەڵێک لە چالاکانی سیاسی، خوێندکاری و مەدەنیی کورد بۆ بەڕێوەچوونی مانگرتنی گشتی لە رێکەوتی ١٢ی خەزەڵوەری ئەمساڵدا لە کوردستانی ئێران بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە.

ئەو چالاکانە وێڕای مەحکووم کردنی لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسیی کورد، داوایان لە سەرجەم خەڵکی کوردستانی ئێران کردووە کە بە داخستنی دووکان و بازاڕ لە ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی خەزەڵەوەردا، ناڕەزایەتیی خۆیان دەرببڕن.

نوسخەیەک لەو بەیاننامەیە بۆ ئاژانسی کوردپا نێردراوە کە ڵێردا وەک خۆی بڵاو دەکرێتەوە:

کۆمەڵانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە پێی تەواوی جاڕنامە جیهانییەکانی مافی مرۆڤ، مافی ژیان بنەڕەتیترین مافی هەر تاکێکە و دەسەڵاتەکان بۆیان نییە کە ئەم مافە لە تاکەکان زەوت کەن. دەسەڵاتە پاوانخوازەکان بۆ مانەوەی خۆیان دژ بە هەر چەشنە بیرێکین کە ئاقاری ڕوونکردنەوەی کۆمەڵگە بە دوای خۆیدا بێنێت.

هەر لەو پێناوەشدا چالاکانی مەدەنی و سیاسی کە ئامانجیان وەدیهێنانی ژیانێکی مرۆیی و دوور لە چەوسانەوە و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە، وەک دوژمنی سەرەکەی ئەم جۆرە دەسەڵاتانە دێنە ئەژمار و دەسەڵاتداران بە دڕندانەترین شێوە بەرەوڕووی چالاکان و ڕۆشنگەران دەبنەوە.

یەکێک لەو شێوانە کە دەسەڵاتی پاوانخواز دەیگرێتە پێش، لە سێدارەدانی چالاکان و نوخبەکانی کۆمەڵگایە و بەم شێوەیە لە هەوڵی بەرگرتن بە هەر چەشنە دەنگی ناڕەزایەتییە. کۆماری ئیسلامی ئێران وەک یەکێک لە دەسەڵاتە پاوانخوازەکان بەردەوام بە جێبەجێ کردنی سزای لە سێدارەدان بەری بە دەنگی ناڕازییانەی کۆمەڵانی خەڵک گرتووە.

نەتەوەی کوردیش وەک یەکێک لە نەتەوەکانی دانیشتووی ئێران بە درێژایی تەمەنی کۆماری ئیسلامی دەنگی مافخوازانە و ئازادیخوازانەی خۆی دەربڕیوە و وەک یەکێک لە گەورەترین دژبەرانی بیری زاڵ بە سەر دەسەڵاتی ئێراندا بەردەوام لە گۆڕەپانی خەباتدا بووە. ئەم دەسەڵاتە لە سەرەتای تەمەنیەوە هەزاران کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنیی کوردی بە تاوانی مافخوازی و ئازادیخوازی بە سزای درێژخایەنی زیندان حوکم داوە.

کۆماری ئیسلامیی ئێران وێڕای کۆمەلێک سزای وەک زیندان و بێبەش کردن لە خوێندن و ... سزای دژەمرۆییانەی سێدارە وەک ئامرازێک بۆ ترساندنی کۆمەڵگە و بەرەنگار بوونەوە لەگەل دەنگە ناڕەزایەتییەکان، مافی ژیانی لە زۆرێک لە ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد زەوت کردووە.

هەر لە درێژەی سیاسەتی لە سێدارەدانی چالاکانی سیاسی و مەدەنی، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٤ی گەڵاڕێزان دوو چالاکی سیاسیی کورد بە ناوەکانی حەبیبوڵڵا گوڵپەری‌پوور و ڕەزا ئیسماعیلی لە زیندانی ناوەندی شاری ورمێ لە سێدارە دران. لەو ڕووەوە کە زیاتر لە ٢٠ کەس لە چالاکانی سیاسیی کورد سزای سێدارەیان لە سەرە، بێدەنگی سەبارەت بە لە سێدارەدانی ئەم دوو چالاکە سیاسییە بێ‌گومان کارەساتی تری لەم چەشنەیە لێ دەکەوێتەوە.

بۆیە ئێمە وەک کۆمەڵێک لە چالاکانی سیاسی، مەدەنی و خوێندکاری سەرەڕای مەحکووم کردنی لە سێدارەدانی حەبیبوڵڵا گوڵپەری‌پوور و ڕەزا ئیسماعیلی، دژایەتی خۆمان لە سەر سزای سێدارە دووپات دەکەینەوە و داوایش لە کۆمەڵانی خەڵک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین کە بە داخستنی دووکان و بازاڕ لە ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی خەزەڵەوەر، ناڕەزایەتی خۆیان لە سەر سزای سێدارە و لە سێدارەدانی ئەم دوو چالاکە سیاسییە دەرببڕن. بە دڵنیایەوە پاڵپشتی و هاتنەدەنگی هاووڵاتیان بەر بە دووپات بوونەوەی کارەساتی لەم شێوەیە دەگرێ، بۆیە زۆر بە پێویستی دەزانین کە سەرجەم چین و توێژەکان، حیزب و لایەنەکان، ڕێکخراوەکان، چالاکانی سەربەخۆ، ژنان، خوێندکاران و ... بە یەکڕیزی و یەکدەنگییەوە باوەش بۆ ئەم بانگەوازە بکەنەوە.