بەیاننامەی ناوەندی نووسەرانی کوردستان سەبارەت بە سڕینەوەی زمانی کوردی لەسەر تابلۆکانی زانکۆی کوردستان

17:26 - 30 گەلاوێژ 2721

ناوەندی نووسەرانی کوردستان سەبارەت بە سڕینەوەی زمانی کوردی لەسەر تابلۆکانی زانکۆی کوردستان لە سنە لە بەیاننامەیەکدا، ئەو هەوڵەی بەسیجی خوێندکارانیان مەحکووم کرد.

لە بەشێکی ئەو بەیاننامەی نووسەرانی کوردستانەدا، هاتووە: سڕینەوەی زمانی کوردی، لە ئەندێشەی پاوانخوازەوە سەرچاوە دەگرێت.

دەقی بەیاننامەکە بەم چەشنەیە:

ناوەندی نووسەرانی کوردستان: سڕینەوەی زمانی کوردی، لە ئەندێشەی پاوانخوازەوە سەرچاوە دەگرێت

بەپێی زانیاریی میدیا خۆجێیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ڕۆژانی ڕابردوودا کۆمەڵەی خوێندکارانی سەر بە حکوومەت لە ناو زانستگەی کوردستان لە سنە بە ناوی ''بەسیجی خوێندکاری'' دەستیان کردووە بە سڕینەوەی نووسراوەی کوردیی سەر تابلۆکانی ئەو زانستگەیە.

سڕینەوەی زمانی کوردی لەسەر تابلۆکانی ناو زانستەگەی کوردستان بووەتە هۆی ناڕازیبوونی چالاکانی خوێندکاری و هەتا ئێستاش بەرپرسانی زانستگەی کوردستان لەم بارەیەوە هیچ ڕوونەکردنەوەیان نەداوە.

ئەم هەوڵەی بەسیجی خوێندکاری بۆ دژایەتیکردنی زمانی کوردی لە کاتێکدایە کە لقی زمان و ئەدەبی کوردی بۆ یەکەم جار لە ئێران لە زانستگەی کوردستان ماوەی شەش ساڵە دەستی پێ کردووە و هەر ساڵە و زیاتر لە ٤٠ خوێندکار وەردەگرێت و لەو کاتەوە تابلۆی سەر کۆلیژی زمان و ئەدەبی کوردی بە هەردوو زمانی فارسی و کوردییە.

بێجگە لە بەشی زمان و ئەدەبی کوردی لە زانستگەی کوردستان، تابلۆی سەر بەشی ناوەندی کوردستانناسی و توێژینگەی زانستگەکەش بە کوردییە و ئەو دوو بەشە لە زانستگەی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا، جیا لە بواری فێرکاری و گرنگیدانی جیددی بە زمانی کوردی، چەندین کۆڕ، سمینار و کۆنگرەیان لە بارەی زمان و ئەدەب و فەرهەنگی کوردییەوە بەڕێوە بردووە و بە دەیان کتێب و توێژینەوەی گرنگیان لەبارەی ئەدەب و زمانی کوردییەوە بە چاپ گەیاندووە و، ئێستا زانستگەی کوردستان لە ڕۆژهەڵات بووەتە یەکێک لە ناوەندە گرنگەکانی توێژینەوەی زانستی و کۆمەڵێک مامۆستا و شارەزای زمانی کوردی بە هەوڵی جیددی و لێبڕاوانە کار بۆ بەرەپێشبردنی ئەم زانستگەیە دەکەن و گۆڤاری توێژینەوەی زمان و ئەدەبی کوردی نموونەیەکی ئەو دەسکەوتانەیە.

دژایەتیی ئەو خوێندکارانە لە بەرانبەر زمانی کوردیدا لە کاتێکدایە کە بەشی زمان و ئەدەبی کوردی بە فەرمی لە لایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی ئێرانەوە دانراوە و کارێکی یاساییە، چالاکانی خوێندکاری و فەرهەنگی لە بەرانبەر ئەم کردەوەیەی خوێندکارانی بەسیجیدا ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و بە هەڵوێستێکی دوژمنانە لە بەرانبەر زمان و فەرهەنگی کوردیدا لەقەڵەمیان داوە.

ئێمە لە ناوەندی نووسەرانی کوردستان وێڕای ئیدانەکردنی ئەو کردەوە دژەفەرهەنگییە، دەنگی خۆمان دەخەینە پاڵ دەنگی کۆمەڵگەی فەرهەنگی و خوێندکارانی بەهەڵوێستی زانستگەی کوردستان و ڕایدەگەیەنین، ئەو کردەوەیە دەچێتە خانەی سڕینەوەی زمان و ئەدەبی نەتەوەکەمانەوە و هەرچەشنە ئاسمیلاسیۆنێکی زمانی و فەرهەنگی ئیدانە دەکەین و پێمان وایە ئەو هەوڵانە ترسنۆکانەیە و لە ئەندێشەی دەسەڵاتی سەپێنەر و پاوانخوازەوە سەرچاوە دەگرێت کە لە هەمبەر گەشەی زمانی کوردیدا ترسیان لێ نیشتووە.

ناوەندی نووسەرانی کوردستان

٣٠ی گەلاوێژی ٢٧٢١ی کوردی