بەیاننامەی ١٣ رێکخراوی مەدەنیی و مافی مرۆڤ سەبارەت بە مانگرتنی زیندانیانی سیاسی کورد

12:52 - 4 سەرماوەز 2713
ئاژانسی کوردپا: ١٣ رێکخراوی مەدەنیی و مافی مرۆڤ لەبەیاننامەیەکدا نیگەرانیی خۆیان لەمانگرتنی زیندانیانی سیاسیی کورد لە زیندانەکانی میناب و بەندەرعەباس دەربڕیوە.

ئەو رێکخرانە لە بەشێک لەو بەیاننامەیەدا رایانگەیاندووە، ئەشکەنجەی رووحی و رەوانی زیندانیان و پێڕانەگەیشتنیان و یان هێشتنەوەیان لە بارودۆخی نالەباردا مەحکوم دەکەین و داوا لە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان و ئەمنستی ئینتەرناسیونال و هەروەها چاودێری مافی مرۆڤ دەکەین کە هەرچی زووتر لەو پەیوەندییەدا هەنگاو بنێن.
نوسخەیەک لەو بەیاننامەیە بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا گەیشتووە و دەقەکەی بەم چەشنەیە:

لەکاتێکدا کە مانگرتنی زیندانیانی سیاسی کورد پێی ناوەتە حەفتەی دووهەمەوە هەواڵەکان باس لە ناجێگیر بوونی باری تەندوروستی ئەو زیندانیانە دەکەن. بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بە دەستمان گەیشتوون زیندانیانی سیاسی کورد لە زیندانەکانی بەندەرعەباس و میناب بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە بارودۆخی زیندان و کەمووکۆڕییەکانی ناو زیندان و هەروەها لەدژی گوشارەکانی سەریان و ئەو ناعەدالەتیەی لە لایەن کاربەدەستانی زیندانەوە لەسەریان پێڕەو دەکرێت دەستیان بە مانگرتنی بێوادە لەخواردن کردووە.

بە پێی هەواڵەکان ئەرژەنگ داوودی زیندانی سیاسی کورد لەگرتووخانەی بەندەرعەبباس لە ١٩ی خەزەڵوەرەوە دەستی بە مانگرتن کردووە و سەرەڕای باری ناجێگیری تەندروستی ناوبراو گوازراوەتە بەندی تاکە کەسی. هەروەها رۆژی ٢٧ی خەزەڵوەر عەلی مورادی لە زیندانی بەندەرعەباس و دەروێش زەندی کە بە تاوانی هاوکاری و ئەندامەتی لە پارتەکی کوردی لە گرتوخانەی شاری ماکۆوە بۆ بەندەرلەنگە دوورخراوەتەوە تەڤلی مانگرتوان بووە.

شایانی باسە هەموو جۆرە فشارەکانی رووحی و رەوانی و پێڕانەگەیشتنی بێهداشتی و پزیشکی هەروەها هەڵاواردن و ئەشکەنجەی رۆحی و رەوانی لە دژی زیندانیە سیاسی و مەدەنییەکان لە زیندانەکانی بەندەرعەباس و میناب بە شێوەیەکی بەرز بۆتەوە کە بۆەتە جێی نیگەرانی و گوشارەکان بوونەتە کارێکی رۆژانەی کاربەدەستانی زیندانەکان و زیندانەکان بوونەتە جەهەننەمێکی راستەقینە.

بە پێی مادەی ٥ی مەنشووری مافی مرۆڤ هیچ کەس نابێت بکەوێتە ژێر شکەنجە و بێرەحمی و یان بدرێتە بەر ئازاری نائینسانی و رەفتاری بە جۆرێک کە کەرامەتی ئینسانی دابەزێت. مادەی شەش لەو مەنشوورە باس لەوە دەکات کە هەر کەس شایستەیە کە لەبەرابەر یاسادا وەک تاکە کەسێک مافەکانی بە فەرمی بناسریت و لە مادەی ٧دا هاتووە کە هەموو لە هەمبەر یاسادا یەکسانن و هەر جۆرە هەڵاواردنێک پێشێلکردنی ئەو جاڕنامەیەیە و هەموو کەس مافی خۆیەتی لە بەرانبەر هەڵاواردن و کردەوە ورووژێنەرەکان بپارێزرێت.

رەچاوکردنی هەڵاواردن و ئەشکەنجەی رووحی و رەوانی زیندانیان و پێڕانەگەیشتنیان و یان هێشتنەوەیان لە بارودۆخی نالەباردا پێشێلکاری ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە، ئێمە وەک کۆمەڵەی‌مافی‌مرۆڤی‌کوردستان و کەمپەینی بەرگری لە بەندکراوانی سیاسی و مەدەنی ئەو کردەوانە مەحکوم دەکەین و داوا دەکەین لە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان و ئەمنستی ئینتەرناسیونال و هەروەها چاودێری مافی مرۆڤ کە هەرچی زووتر لەو بارەدا هەنگاو بنێن.

١ـ کەمپەینی بەرگری لە بەندکراوانی سیاسی و مەدەنی

٢ـ کۆمەڵەی‌مافی‌مرۆڤی‌کوردستان (KMMK)

٣ـ رێکخراوی لاوانی یەکیەتیی شۆڕشگێڕانی کوردستان

٤ـ یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان

٥ـ یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٦ـ ناوەندی لاوانی خەباتی کوردستانی ئێران

٧ـ رێکخراوی لاونی یاری کورد

٨ـ گرووپی کاری لاوان و قوتابیانی پارتی ئازادیی کوردستان

٩ـ لاوانی پارتی سەربەخۆیی

١٠ـ رێکخراوی لاوانی پێشڕەو

١١ـ کۆمەڵەی لاوانی رۆژهەڵات

١٢ـ \"کمیتە اقوام و ملل کانون دفاع از حقوق بشر در ایران\"

١٣ـ \"کانون دفاع از حقوق بشر در ایران\"