بەڵینییەکان بۆ \"مێسی ئاسیا\" لەچوارچێوەی دروشمدا ماونەتەوە

13:57 - 13 جۆزەردان 2715
ئاژانسی کوردپا: یاریزانانی تۆپی پێ و وەرزشکارانی کورد لەکوردستان لەگەڵ بایەخنەدان و کەمتر خەمی ناوەندە پێوەندیدارەکان بەرەوڕو بوونەتەوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەڵێنییە جێبەجێ نەکراوەکانی بەرپرسانی حکوومەتی لەمەریوان و ئوستانی کوردستان ئەم جارەیان بەرۆکی یادگار روستەمی ناسراو بە \" مێسی ئاسیا\"ی گرتووەتەوە.

باوکی ئەو یاریزانە مێرمنداڵە لەوتوویژ لەگەڵ میدیاکان باسی لەوە کردووە کە سەرجەم بەلێنییەکان بۆ کوڕە ١١ ساڵانەکەی لەچوارچێوەی دروشمدا بووە.

یادگار روستەمی کە ماوەیەک لەمەوبەر نازناوی \" مێسی ئاسیا\"ی پێبەخشرا باسی لە خولیاکانی لە یانە گەورەکانی بیانیدا کرد و وتی: لەگەڵ ئاکادیمیای کیا( مەهدی مەهدەوی کیا و عەلی دوستی مهر) گرێبەستی پێنج ساڵەی واژۆ کردووە.

سەرەڕای لێهاتووی زۆری لاوانی کورد لەبواری تۆپی پێدا، بەڵام ئوستانی کوردستان خاوەنی یانەی پلە نایابەکانی تۆپی پێ نیە.

هەر لەو پێوەندییەدا بەرپرسی گشتی وەرزش و لاوانی ئوستانی کوردستان باسی لە \" دووبەرەکی و ناکۆکیی\" کردووە و ئەو دوو هۆکارەشی بە سەرنەکەوتنی تۆپی پێی لە قەڵەم داوە.
پشتیوانی نەکردنی ماڵی، تەرخانکردنی بوودجەی زۆر کەم و دانانی جیاوازی لە دیاریکردنی بوودجە بە گرینگترین کێشەی وەرزشی کوردستان دێتە ئەژمار.