بەکوشت چوونی ٦ سەر ئەسپ، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی پاسگای بێتووش

13:53 - 29 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی جێگیر لە پاسگای بێتووش، سەر بە شاری سەردەشت، ٦ سەر ئەسپی کاسبکاران بەکوشت چوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی ٢٨ لەسەر ٢٩ی بەفرانبار، لە درێژەی بۆسەدانانی هێزە ئینتزامییەکان لە سەر ڕێگەی کاروانی کاسبکاران، بە تەقەی ڕاستەخۆی ئەو هێزانە ٦ سەر ئەسپی کاسبکاران، لە ناوچەی بێتووشی شاری سەردەشت بەکوشت چوون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: بە هۆی تەقەی هێزە ئینتزامییەکان لە ئەسپی کاسبکاران و بەکوشت چوونی ٦ سەر لەو ئەسپانە، شەڕ و تێکەڵچوون لە نێوان خەڵک و هێزە ئینتزامییەکان ڕووی دا.

پاش ئەو شەڕ و تێکەڵچوونە، لاپەڕەیەک لە هێزە ئینتزامییەکان بە جێ دەمێنێت، کە باس لە پاسگاکانی ئەو ناوچەیە دەکات و هەر پاسگایەک چەند کەسی تێدایە.

بەپێی بەندی ئەلف لە ماددەی ٢ی یاسای قاچاخ، ئەگەر کەلوپەلی قاچاخ نرخەکەی لە ١ میلیۆن تمەن کەمتر بێت، هیچ سزایەکی نییە و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ئەو کەلوپەلانەی کە کۆڵبەران هەڵی دەگرن لەو ڕێژەیە کەمترە کە ئەو سزایە بیانگرێتەوە، بۆیە دەبێ تەنیا کەلوپەلەکانیان زەوت بکرێت.

کاری کۆڵبەری و کاسبی کردن تاکە سەرچاوەی داهاتی خەڵکی ناوچە سنوورییەکانە، بەڵام ڕۆژانە لە لایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە سووکایەتیان پێ دەکرێ و زۆر جاریش بەرەوڕووی مەرگ دەبنەوە.