بەکاربردنی ماددەی گوڵ کوژرانی لاوێکی مەهابادی لێ کەوتەوە

15:17 - 8 رەزبەر 2717
ئاژانسی کوردپا: چەند لاوێکی خەڵکی شاری مەهاباد، لە کاتی کێشانی ماددەی هۆشبەری \"گوڵ\" کە تووشی تەوهەم هاتبوون، هاوڕێیەکی خۆیان کوشت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، حەوتووی ڕابردوو، لاوێکی خەڵکی شاری مەهاباد لە لایەن سێ کەسەوە کە خەرێکی کێشانی ماددەی \"گوڵ\" بوون، پاش کوژرانی تەرمەکەشی دەسووتێنن.

هەواڵنێری کوردپا، وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵە شوناسی ئەوە لاوە کوردە بە \"سادق بەرمەکی\" ڕاگەیاندووە.

ئەو سەرچاوەیە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: سادق بەرمەکی پاش گەیشتنە لای سێ هاوڕێکەی تووشی شەڕ و کێشە دەبن و پاش بریندار کردنی ئەو لاوە کوردە شوێنەکە بەجێ دەهێڵن.

ئەو سێ کەسە پاش هاتنەوە سەرخۆ، دەچنە شوێنی ڕووداوەکە و دەبینن کە ئەوە لاوە زیندووە بۆ شاردنەوەی تاوانەکەیان بە بەنزین دەیسوتێنن.

تەرمی \"سادق بەرمەکی\" پاش پێنج ڕۆژ بە سووتاوی لە ناو یەکێک لە دارستانەکانی شاری مەهاباد دۆزرایەوە.

ماددەی گوڵ، یەکێک لە مەترسیدارترین ماددە هۆشبەرەکانە کە لەم ڕۆژانەدا لە ناو لاوەکان بووتەوە باو و بە کاری دەبەن.

ماددەی گوڵ هەمان ماددەی هۆشبەری \"ماری جوانا\"یە کە فرۆشیارەکان بۆ قازانجی زیاتر بە ناوێکی نوێیەوە لاوەکان بۆ لای ئەوم ماددە هۆشبەرە دەکێشن.