بەڕێوەچوونی كۆڕیادی مامۆستا قالەمەڕە لەشاری بۆكان

13:54 - 25 بانەمەڕ 2714
ئاژانسی كوردپا: بنكەی فەرهەنگی و فێركاریی ئەدەب لە شاری بۆكان بە بەشداری هونەرمەندان، شاعیران، نووسەران و چالاكانی بواری ئەدەب و هونەری كوردی لە رێوڕەسمێكدا یادی پێنجەمین ساڵیادی كۆچی قالەمەڕەیان كردەوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، ئێوارەیی رۆژی چوارشەممە رێكەوتی ٢٤‌ی بانەمەڕ لە كۆڕیادێكدا یادی شمشاڵ ژەنی بەناوبانگی كورد لەشاری بۆكان بەرز راگیرا.

لەو رێوڕەسمەدا سەرەڕای بەشداریی زۆر كەسی ناسراو و هونەرمەند وئەدیبی كورد دوو كەس لەبنەماڵەی پێشەوا قازی محەممەد بەناوەكانی خاتوو مونیرە قازی و سەردار سەیفی قازی( نەوەی پێشەوا) بەشدار بوون.

لەرێوڕەسمی پێنجەمین ساڵیادی كۆچی دوایی قاڵەمەڕەدا چەندین بابەتی هونەری، شێعر و وتار پێشكەشی بەشداربووان كرا.

قادر عەبدوڵڵا زادە ناسراو بە \"قالە مەڕە\" ساڵی ١٣٠٤ی هەتاوی لە گوندی \"كولیجە\"ی سەربە شاری بۆكان لە دایك بووە.

ئەو هونەرمەندە كوردە، یەكێك لە ژەنیارە بەناوبانگەكانی ئامێری شمشاڵ بوو كە لە ٢٠ وڵاتی جۆراوجۆری جیهان لەفێستیڤاڵ و كۆنسێرتەكاندا بەشداری كردووە.

قالەمەڕە ساڵی ١٩٩٣ خەڵاتی باشترین ژەنیاری ئامێری \" شمشاڵ\"ی لە وڵاتی ئاڵمانی پێ بەخشرا و ساڵی ٢٠٠٢ لە شاری سلێمانی خەڵاتی تایبەتیی ئەنفال \"پیرە مێرد\" بەهۆی تەمەنێك چالاكی نواندن لە بواری هونەریدا، پێشكەش كرا.

ساڵی ٢٠٠٣‌ش خەڵكی شاری بۆكان بە نیشانەی رێز گرتن لە هونەری مامۆستا قالەمەڕە، خەڵاتێكیان پێشكەش بە ناوبراو كرد.

هونەرمەند قالەمەڕە ٣١ی بانەمەڕی ساڵی ١٣٨٨ بەهۆی جەڵتەی مێشك لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا كۆچی دوایی كرد لە ناڵەشكێنە و لە تەنیشت هونەرمەند حەسەن زیرەك ئەسپەرەدەی خاك كرا.
\"19957.jpg\"

\"19958.jpg\"

\"19959.jpg\"

\"19960.jpg\"