بەڕێوەچوونی كۆنسێرتێک لەشاری سەقز لەلایەن گرووپی نەكەرۆزەوە+وێنـە

12:54 - 27 رێبەندان 2713
ئاژانسی كوردپا: لەشاری سەقز گرووپی هونەرمەندانی نەكەرۆز كۆنسێرتێكی مۆسیقا و گۆرانی کوردییان بەڕێوە برد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لەشاری سەقز كۆنسێرتێكی تایبەت بە بۆنەی نزیک بوونەوە لەنەورۆز لەلایەن گرووپی هونەری نەكەرۆزەوە رێكخرابوو.

ئەو گرووپە بە سەرپەرەستیی عەلی عابدی كۆنسێرتەكەیان بەڕێوەبرد و تێیدا هەر دوو هونەرمەند جەماڵ حەسەن نژاد و مەجید ئەحمەدی چەندین پارچە گۆرانیان پێشكەش بە ئامادەبوان كرد.

بڕیار بوو ئەو گرووپە مانگێک لەمەوبەر ئەو بەرنامەیە بەڕێوە ببن، بەڵام بە وتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامیی شاری سەقز رێگری لێدەكردن.

لەو كۆنسێرتەدا قوتابیەكانی مامۆستا عەلی عابدیش چەند پارچە مۆسیقایان لە هۆڵی فەرهەنگیی شاری سەقز پێشكەش بە بەشداران كردووە.

مامۆستا عەلی عابدی لەدایکبووی شاری سەقزە و بەیەكێک لەمامۆستا سەركەوتووەكانی بواری هونەر و ئەدەب دێتە ئەژمار و هەتا ئێستا چەندین كەس لەسەر دەستی ئەو مامۆستا کوردە فێری ژەنینی ئامێرەكانی مۆسیقایی بوون.

ئەو هونەرمەندە کوردە ساڵی ١٣٤٨ لە شاری سەقز لەدایک بووە و لە ساڵی ١٣٦٣ هەتاوییەوە دەستی بە هۆنینەوەی شێعر کردووە و لە ساڵی ١٣٦٥ی هەتاویشەوە بە مامۆستایەتی موجتەبا میرزادە فێری ژەنینی ئامێری ویۆڵۆن کردووە.

عەلی عابدی ماوەی ساڵەکانی ١٣٦٨ هەتا ١٣٧٠ بەرپرسی ئەنجومەنی مۆسیقای سەردەشت و ئاوازدانەریی گروپی مۆسیقای سروە و نەکەرۆزیشی لە ئەستۆ بووە.

ئەو هونەرمەندە کوردەی خەلکی شاری سەقز ماوەی نزیک بە ٢٠ ساڵە بە کاری هونەرییەوە سەرقاڵە و کاری ئاوازدانانی بۆ ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەندانی کورد کردووە و دوو بەرهەمیشی بەناوەکانی \"بەتەنیا جێم مەهێڵن\" و \" لە دڵمایە\"ی چاپ و بڵاو کردۆتەوە.

\"18362.jpg\"

\"18364.jpg\"

\"18365.jpg\"

\"18366.jpg\"

\"18363.jpg\"

\"18367.jpg\"

\"18372.jpg\"

\"18370.jpg\"

\"18369.jpg\"

\"18368.jpg\"