بەڕێوەچوونی کۆڕیادێک لە شاری سنە بۆ یادی عەباس کەمەندی

14:56 - 13 جۆزەردان 2714
ئاژانسی کوردپا: بە بەشداریی ژمارەیەک لە شاعیران، چالاکانی ئەدەبیی و فەرهەنگیی کورد لە شاری سنە، کۆڕێک بۆ یادی عەباس کەمەندی هونەرمەندی کۆچکردووی کورد بەڕێوەچوو.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی دووشەممە ئەنجومەنی ئەدەبی، فەرهەنگی، هونەریی ئاوینەی کوردستان، بە نیشانەی رێزلێنان لە خزمەتە هونەری و فەرهەنگی‌یەکانی عەباس کەمەندی، کۆڕێکی ئەدەبی بۆ یادی ئەو هونەرمەندە کۆچکردووە بەڕێوەبرد.

ئەو کۆڕیادە، کەلە تەلاری فەجری شاری سنە بەرێوەچوو، بە راگەیاندنی خولەکێک بێ دەنگی دەستی پێکرد و پاشان شەوکەت یاریان و خاتوو سەلما ساعیدی دوو هاوکاری پێشووی عەباس کەمەندی لە ناوەندی دەنگ و رەنگی ئوستان، باسیان لەسەر بەرهەم و توانایییە هونەرییەکانی عەباس کەمەندی و بیرەوەرییەکانیان لەگەڵ ئەو هونەرمەندە کوردە کرد.

شەوکەت یاریان لەسەر توانایی عەباس کەمەندی گوتیشی: کەمتر کەسێکی هونەری دەتوانێ هاوشێوەی مامۆستا عەباس کەمەندی لە چەند رشتەی هونەریدا توانایی خۆی بەمشێوەیە پێشکەشی کۆمەڵی فەرهەنگی و هونەریی کوردستان بکات.

پاشان ئیرەج عیبادی نووسەر و چالاکی ئەدەبیی کورد، پاش باس کردن لەسەر کار و بەرهەمە هونەرییەکانی عەباس کەمەندی و شێوەی ریالیسم لە کاری نیگارکێشیی عەباس کەمەندی‌دا، پارچە شێعرێکی پێشکەش بە بەشداران کرد.

لە دریژەی کۆڕیادەکەدا، موحسین رازی، رەزا هیمەت یار و ژمارەیەک لە شاعیران و نووسەرانی کورد لەسەر کەسایەتی و هونەری عەباس کەمەندی باس و وتاریان پێشکەش کرد و یادی ئەو هونەرمەندە کوردەیان بەرز راگرت.

لە سەرەتای حەفتەی رابردووشدا، رێوڕەسمێکی یادکردنەوە لە مزگەوتی مەلا وەیسیی شاری سنە، بە بەشداریی هونەرمەندان، شاعیران نووسەران و ئەنجومەنە ئەدەبی و مۆسیقاییەکانی شاری سنە بەڕێوەچوو.