بەڕێوەچوونی کۆڕیادێک بۆ ساڵیادی تیرۆرکرانی سەید خەلیل عالی نەژاد، لە شاری سەحنە+وێنە

19:49 - 28 خەزەڵوەر 2714
ئاژانسی کوردپا: بە بۆنەی ساڵڤەگەری تیرۆرکرانی سەید خەلیل عالی‌نەژاد، لە شاری سەحنە رێوڕەسمێک لەسەر گڵکۆی ئەو کەسایەتییە یارسانییە بەڕێوەچوو.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە چالاکانی سیاسی، فەرهەنگی و رۆشنبیریی کورد لە شاری سەحنە لە ئوستانی کرماشان، رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ٢٧ی خەزەڵوەر یادی سەید خەلیل عالی نەژاد کرایەوە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەحنە رایگەیاند؛ ژمارەیەک لە بەشداران کە لەو رێوڕەسمەدا گوتاربێژییان کرد، خوازیاری چارەسەرکردنی کێشە و نەهێشتنی هەڵاواردن بە دژی کۆمەڵگەی یارسانی لەلایەن حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بوون.

یەکێک لە گوتاربێژان، بڕیارنامەیەکی لەمەڕ وەگەڕخستنەوەی دۆسیەی تیرۆرکرانی سەید خەلیل عالی نەژاد لەلایەن کۆمەڵگەی نیونەتەوەییەوە، بۆ ئامادەبوانی کۆڕیادەکە خوێندەوە.

لەو رێوڕەسمەدا کە چالاکانی کۆمەڵگەی یارسان بەشدار بوون، یادی نیکمەرد تاهیری، حەسەن رەزەوی و محەمەد قەنبەری کرایەوە، کە بەهۆی سووکایەتی کردنی ناوەندە ئەمنی و نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە کۆمەڵگەی یارسانی، ئاگریان لە جەستەی خۆیان بەردابوو.

سەید خەلیل عالی نەژاد، رێکەوتی ٢٧ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٨٠ی هەتاوی لە شاری گوتنبێرگی وڵاتی سوید و لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە لە ماڵەکەی خۆیدا تیرۆر کراو تەرمەکەشی لەلایەن ئەو کەسانەوە سووتێندرا.

\"23244.jpg\"
لەلایەکی دیکەوە لە رۆژانی رابردوودا لە پیشانگەی \"شەڕی نەرم\"دا لە مزگەوتی شەهرەکی وەلی عەسر لە تاران، وێنەکەی سەید خەلیل عالی نەژاد نمایش کرابوو، کە بە ئاماژە کردن بە چەند خالێک وەکوو لادان لە \"تەسەوف(سۆفیگەری)\" وەسفیان کردبوو.

ئەو وینەیە، کە بە ئاشکرا سووکایەتی بە هاووڵاتییانی یارسانی کردبوو،، لەگەڵ ناڕەزایەتیی توندی هاووڵاتییانی یارسانیی بەرەوڕوو بوویەوەو چەند رۆژ دواتر بەهۆی ناڕەزایەتییەکانەوە ئەو وێنەیە لە پیشانەگەکەدا لابردرابوو.

ئەو پیشانگەیە لەلایەن سێ ناوەند و رێکخراوی \"بەڕێوەبەرایەتیی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیی محەمەد رەسووڵەڵڵا، کۆڕی فەرهەنگیی سەیدوشوهەدا، سروشی فەرهەنگیی ویلایەت\"ـەوە کرابوویەوە.

لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا هاووڵاتییانی یارسانی لە وڵاتی ئێران بە ئاشکرا سووکایەتییان پێ دەکرێ و میدیا و رۆژنامەکانی وەک \"دەنگ و رەنگی حکوومەتی ئیسلامی\"، \"حەفتەنامەی ژنی رۆژ\"، رۆژنامەی جام جەم\"، \"رۆژنامەی کۆماری ئیسلامی\"، \"رۆژنامەی فەرهیختەگان\"، \"وەرزنامەی مەعارفی ئیسلامی\" و \"ئەنسکلۆپیدیای ئیسلامی\" سووکایەتییان خەڵکی یارسانی کردووە.
\"23245.jpg\"

\"23248.jpg\"

\"23246.jpg\"

\"23252.jpg\"

\"23250.jpg\"

\"23247.jpg\"