بەڕێوەچوونی کۆمەڵیک چالاکیی فەرهەنگی لە کوردستان

21:36 - 22 رەشەمه 2712
ئاژانسی کوردپا: بە بەشداریی کۆمەڵێک لە شاعیران و ئەدیبانی کورد، هەشتەمین کۆڕی رەخنەیی \"یەک مانگ یەک نووسەر\" لە شاری کرماشان بەڕێوەچوو.

کۆڕێکی تایبەتیی رەخنە بە بەشداریی کۆمەڵێک لە شاعیران و ئەدیبانی کورد لەژێر ناوی \"یەک مانگ یەک نووسەر\" بۆ رەخنە و لێکدانەوەی کتێبی \"چیرۆکەیل ئیوارە\" لە بەرهەمەکانی موحسین مەلەکی شاعیری کوردی خەڵکی کرماشان لە پەیمانگەی هونەریی ئەو شارە بەڕێوەچوو.

لەو کۆڕەدا \"مەحموود شامحەممەدی، کەیۆمەرس بەلدە و فرووغ گوڵچینی\" وەک رەخنەگری ئەدەبی و هەروەها رێژەیەکی بەرچاو لە نووسەرانی ناسراوی ناوچەی کرماشان بەشدار بوون.

\"11516.jpg\"
شەریف عەلیڕمایی و شەمسەدین مورادی
هەر لەو پەیوەندییەدا پیشانگەیەکی خۆشنووسی لە ژێر ناوی \"واژها بە خط\" لەلایەن هونەرمەندێکی ئیلامییەوە بەناوی \"شەمسەدین مورادی\" کرایەوە.

ئەو هونەرمەندە کوردە بۆ نووسینی بەرهەمە هونەرییەکانی خۆی لە شێعرەکانی \"حافز، چوارینەکانی خەیام، من نزیکم، خانی هەشتەم و غەریبی ناسیاو کەڵکی وەرگرتووە و بۆ ماوەی ٢ رۆژ لە کافەی \"کاما\" لە شاری ئیلام نمایش دەکرێن.

لەلایەکی دیکەوە رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢١ی رەشەممە کۆمەڵێک لە هونەرمەندان، نووسەران و چالاکانی فەرهەنگی ئوستانی کوردستان رێزیان لە هەوڵ و تێکۆشانی ئەدەبیی مامۆستا \"شەریف عەلیڕمایی\" شاعیر و نووسەری کوردی ناوچەی هەورامان گرت.