بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەیەکی هێمنانە لەبۆکان سەرەڕای ئەمنیەتی کردنی شارەکە

00:59 - 26 پووشپەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: بەپێی ئەو بانگەوازەی کە چالاکانی ژنان بڵاوییان کردبوویەوە خەڵکی لەفەلەکەی فەرمانداریی شاری بۆکان و دەورووبەریی کۆبوونەوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەیی پێنجشەممە کاتژمێر ٨ بەکاتی تاران ژمارەیەک لەچالاکانی فەرهەنگی، مەدەنی، ژنان و بەشێکی بەرچاو لە هاووڵاتیانی ئەو شارە کۆبوونەوە و ناڕەزایەتییەکی هێمنانەیان سەبارەت بە پژاندنی تێزاب و نواندنی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان بەڕێوە برد.

ئاژانسی هەواڵدەریی کورپا لەچەندین سەرچاوەوە زانیاری پێگەیشتووە کە هێزە ئەمنیەتی ـ ئینتزامییەکان لەچەندین رێگەی جۆراوجۆرەوە لەهەوڵی ئەوەدابوون کە رێگریی لەو کۆبوونەوەیە بکەن.

\"28203.jpg\"
نووسینی سوپاسنامە و پێزانین لەزاری بنەماڵەی قوربانیانی پژاندنی تێزاب و هەڵواسینی لە گۆڕەپانی شار لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە یەک لەو رێگەیانە بوو کە هەوڵ دەدرا خۆپیشاندانەکە بەلارێدا ببردرێت.

ئەو نووسراوەیە لەلایەن بنەماڵەی قوربانیانەوە رەت کرایەوە.

هەواڵنێری ئاژانسی کوردپا لەشاری بۆکانەوە باسی لەوە کرد، کۆبوونەوەکە لە بەردەم فەرمانداریی و فەلەکەی فەرمانداریی ئەو شارە بەشێوەیەکی هێمنانە و مەدەنیانە لەکەشێکی ئەمنیەتی زۆر توندا دەستی پێکرد.

لەکۆبوونەوەکەدا بە دەنگی بەرز دروشم نەدراوە و تەنیا دروشمەکان بە نووسراوە بوون.

دەوترێت قەرەباڵغی دەوری فەلەکەی فەرمانداریی زۆر زیاتر لە ڕۆژانی دیکە بووە و خەڵک خوازیاری ئەوە بوون کە دەبێ ناوەندە پێوەندیدارەکان لەهەمبەر ئەو کردەوانەدا بێدەنگ نەبن، چونکە بێدەنگیان نیشانەی پشتیوانیە لەپەرەپێدان بە توندوتیژی.

هەواڵنێری ئاژانسی کوردپا لەزاری خەڵکەوە وتیشی: لەدەورووبەریی شوێنی خۆپیشاندانەکە هێز بە تایبەت هێزە لیباس شەخسییەکان بڵاوەیان پێکرابوو و کۆبوونەوەکەش زۆری نەخایاندووە.

\"28205.jpg\"
سەرچاوەکە باسی لەوەش کرد، لەچەندین حاڵەتی جیادا هێزە ئینتزامییەکان ویستوویانە توندوتیژی بەرامبەر بە خۆپیشاندەران بنوێنن و ویستوویانە پلاکاردەکانیان لەدەست بستێنن.

لەلایەکی دیکەوە باس لەوە کرابوو کە فەرمانداریی ئەو شارە ئەمڕۆ پێنجشەممە کۆمەڵێک لەریش سپی و کەسایەتیە دیارەکانی شاری بۆکانی بانگهێشت و داوای لێکردبوون کە پێش بە خۆپیشاندانی خەڵک بگرن.

هەر لەو پێوەندییەدا ئەوەش خرابوویەروو کە لەسەر لەبەیانییەوە هێزە ئینتزامی ـ ئەمنیەتییەکان لە ناو شار و کۆڵانەکان سەرقاڵی گەشت لێدان بوون.

شەوی سێ شەممە رێکەوتی ٢٣ی پووشپەڕ چوار کچ و ژن بەناوەکانی سوێسنە ئیسماعیل نژاد، تروسکە مردان بەگی، سوڕەیا کەیخوسرەوی و نادیا معرووفی لە سێ رێیانی سەنگینی شاری بۆکان تێزابیان پێدا کرا و بە توندی بریندار بوون.