بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ماتەمین لە شارەکانی کوردستان بۆ ژینگەپارێزانی مەریوان

16:24 - 9 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: لە زۆربەی شارەکانی کوردستانی ئێران، هاووڵاتییانی کورد، بە نیشانەی ڕێزگرتن لە کار و چالاکیی ژینگەپارێزانی گیان لەدەستداوی شاری مەریوان، پرسە و سەرەخۆشیان بەڕێوەبرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتییانی کوردستان بۆ قوربانیانی ژینگەپارێزی شاری مەریوان، بەتایبەتی شەریف باوەجور و ئومید کۆنەپووشی، لە شارەکانی کوردستانی ئێران، کۆڕی ماتەمینی و سەرەخۆشیان بەڕێوەبرد.

ڕۆژی شەممە ٣ی خەرمانان، چوار چالاکی ژینگەپارێز، خەڵکی شاری مەریوان بە ناوەکانی \"شەریف باجوەر، ئومید کۆنەپۆشی، ڕەحمەت حەکیمی‌نیا و محەممەد پژوهی\" لە کاتی کوژانەوەی ئاگری دارستانەکانی دەوروبەری ئەم شارە گیانیان لەدەست دا.

هاووڵاتییانی کوردستان لە شارەکانی مەریوان، مەهاباد، بانە لە مزگەوتەکانی ئەو شارانەدا، وەکوو وەفایەک بۆ کار و تێکۆشانی ژینگەپارێزانی گیان لەدەستدراوی ڕۆژی سێ خەرمانان، کوڕی پرسی و سەرەخۆشیان بەڕێوەبرد.

هەروەها، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی ٩ی خەرمانان، لە گوێزەکوێری چیای ئاویەر لە شاری سنە، چالاکانی فەرهەنگی و مەدەنی و ژینگەپارێزان و دانیشتووانی خەڵکی ئەو شارە، بۆ ڕێزلێنان لە کار و چالاکیی شەریف باجوەر و هاوڕێیانی ڕێوڕەسمێکیان بەڕێوەبرد.

هەروەها ئەنجومەنە فەرهەنگی، ژینگەپارێزی و مەدەنییەکان، لە ڕێگا جۆراوجۆرەکان لە شارەکانی کوردستان پەیامی سەرەخۆشی و هاوخەمیان بۆ گیان لە دەستدانی شەریف باجوەر و هاوڕێیانی ناردبووە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی خەرمانان، لە گوندی \"نێـ\"ـی شاری مەریوان، ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ بۆ قوربانیان سێ خەرمانان بەرێوەچوو و لە لایەن بەشداربوونی ئەو ڕێوڕەسمەدا، چەندین بابەتی جۆراوجۆر خوێندرایەوە.

لەو بارەیەوە سەرچاویەکی ئاگادار لە گوندی نێ بە هەواڵنێری ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: خەڵکێکی زۆر لە زۆربەی شارەکانی کوردستان بۆ ئەو ڕێوڕەسمە بانگهێشت کرابوون، بەڵام هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی ڕێگریان لەو خەڵکە کرد و نەیانهێشت لەو ڕێوڕەسمەدا بەشدار بن و گەڕانەوە بۆ شاری مەریوان.

هەتا ئێستا بەرپرسانی حکوومەتی ئێران، لە پەیوەندی لەگەڵ ڕووداوی سێی خەرمانان، بە شێوەیەکی فەرمی هیچ لێداونێکیان سەبارەت بە چۆنییەتی ڕوودانی ئەو ڕووداوە نەداوە و تەنانەت بەرپرسانی حکوومەتی لێدوانی دژبەیەکیان سەبارەت بەو ڕووداوە لە ڕاگەیاندنەکان بڵاو کردووەتەوە.

لە سەرەتای ئەو ڕووداوەدا، هەواڵدەریی حکوومەتی \"ئیرنا\" لە زاری سەرچاوە خۆجێیەکانەوە، ئەو ڕووداوەی بۆ تەقینەوەی کەرەستە بەجێماوەکانی شەڕی ئێران و عێراق\" گەڕاندەوە.

هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵەی ئێرنا، بەرپرسی ڕێکخراوی ئیمداد و نەجات لە وتووێژێکدا لەگەڵ \"شبکە خبر\" پێداگریی لەسەر تەقینەوەی مین و کەرەستە بەجێماوەکان لەو ناوچەیە کرد.

سەلیمی دواتر لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی فارس نزیک لە سپای پاسداران، بە‌بێ ئاماژەکردن بە تەقینەوەی کەرەستەی شەڕ دەڵێت: هۆکاری ئەم ڕووداوە هەنووکە ئاشکرا نەبووە، بەڵام ئەگەری هەیە ئەو ڕووداوە بە هۆی گەرمی هەوا بووبێت و ڕووی دابێت.

هەروەها لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گرتە ڤیدئۆییەک لە پەیوەندیی لەگەڵ ڕوودانی ئەو ڕووداوە بڵاوبووەتەوە، کە یەکێک لە برینداربووانی ئەو ڕووداوە باسی بڵاوبوونەوەی ئاگرێکی بەهێز وەکوو تەقینەوەی شتێکی کردووە، کە بووەتە هۆی برینداربوونی ناوبراو و هەروەها گیان لەدەستدانی شەریف باجوەر و هاوڕێیانی.