بەڕێوەچوونی چەندین رێوڕەسمی تایبەت بە ئێعتیاد لە شارەکانی کوردستان + وێنـــە

16:13 - 11 پووشپەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: بەبۆنەی رۆژی جیهانیی خەبات بە دژی ماددە هۆشبەرەکان لە چەندین شاری ناوچە کوردنشینەکانی ئێران رێوڕەسمی تایبەت بەڕێوەچوو.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١٠ی پووشپەڕ ئەنجومەنی \"ژیانەوە\"ی شاری مەریوان پیشانگەیەکی تایبەتی لەسەر \"ئێعتیاد و خەسارەکانی ماددەی هۆشبەر\" لە چوارڕای \"شەب رەنگ\"ی ئەو شارە کردەوە و چەندین شانۆی تایبەت بە ئێعتیاد و بەرئەنجامەکانی ئەو دیاردە کۆمەڵاتییە نمایش کراو پیشانگاکەش بۆ ماوەی ٣ رۆژ لەو شارە بەردەوام دەبێت.

ئەنجومەنی ژیانەوە وەک ئەنجومەنی پێشگیری لە ماددە هۆشبەرەکان لە شاری مەریوان چالاکی دەکات و هەتا ئیستا کۆمەڵیک پیشانگا و سمیناری لەسەر دیاردەی ئێعتیاد بەڕێوە بردووە.

هەر لەو پەیوەندییەدا و لە شاری پاوە، رۆژی ٥ی پووشپەر \"کۆمەڵەی پێشگیری لە ماددە هۆشبەرەکان\" لەو شارە فستیڤاڵێکی نیگارکێشیی سەر شەقام و رکەبەریی دووچەرخە سواریی لەو شارە بەڕێوە برد.

لەو فستیڤالەدا رێژەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییانی شاری پاوە بەشداربوون و کۆمەڵێک وێنەی تایبەتییان لەسەر دیاردەی ئێعتیاد کێشایەوە و دواتر کەسانی سەرکەوتوو لە نیگار کێشی و دووچەرخە سواریدا خەڵات کران.

هەروەها رێکخراوی پێشگیری لە ئێعتیادی \"عیرفان\" لە شاری بۆکان، بەئامادەبوونی چالاکان و ئەنجومەنە خەڵکییەکانی تایبەت بە ئێعتیاد، سمینارێکی سەبارەت بە رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوە بە دژی ماددە هۆشبەرەکان، بەڕێوە برد.

لەو سمینارەدا \"مستەفا ئیلاخنی زادە بەرپرسی کۆڕی فەرهەنگی و فێرکاریی ئەدەب لە شاری بۆکان و هەروەها بەرپرسانی چەندین کەمپی تایبەت بە وەلانانی مادە هۆشبەرەکان بەشدار بوون و لەسەر دیاردەی ئێعتیاد و مەترسیی ماددە هۆشبەرەکان قسەیان بۆ بەشداران کرد.

لەلایەکی دیکەوە کانوونی پەروەردەی فیکریی منداڵان و مێرمنداڵان، ئیدارەی پەروەردە و مەرکەز بێهداشتی شاری بۆکان، لە رۆژانی ٤ هەتا ٥ی پووشپەڕ پیشانگەیەکی نیگارکێشییان بە نیوەرۆکی ئێعتیاد لەو شارە بەرێوە برد.

لەو پیشانگەیەدا ١٢٠ بەرهەمی قوتابیانی ٣ قۆناخی خوێندن کە لە نێوان ١٥٠ بەرهەمدا دەستنیشان کرابوون، نمایش کرا.

هەروەها رۆژی ١٠ی پووشپەڕ نزیک بە ١٠٠ منداڵی مەهابادی بەبۆنەی رۆژی جیهانیی بەرنگاربوونەوە بە دژی ماددە هۆشبەرەکان، لە حەرەکەتێکی هێماییدا بە هەڵگرتنی \"پلاکارد و دروشم\" رێپێوانێکیان بەدژی ماددە هۆشبەرەکان بەڕێوە برد.

ئەو رێپێوانە ساڵانی پێشووتریشدا بەمەبەستی جێگیر کردنی فەرهەنگی بەرنگاربوونەوە بە دژی ماددەی هۆشبەرکان لە شاری مەهاباد بەڕێوە چووە.
\"13607.jpg\"

\"13608.jpg\"

\"13609.jpg\"

\"13610.jpg\"

\"13611.jpg\"

\"13612.jpg\"

\"13613.jpg\"

\"13614.jpg\"

\"13615.jpg\"

\"13616.jpg\"