بەڕێوەچوونی چالاکیی ژینگەپارێزی لەچوار شاری کوردستان+وێنە

14:47 - 7 بانەمەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: لەشارەکانی ورمێ‌، مەهاباد، نەغەدە و سایین قەڵا چالاکیی بەرینی ژینگەپارێزی بەڕێوە چووەو دۆستان و لایەنگرانی ژینگە بە چاندنی نەمام و خاوێن کردنەوەی دەورووبەریی بەنداو و تاڵاوەکان رێزییان لەژینگەی کوردستان گرتووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لاوان و چالاکانی ژینگەپارێزی ٤٠٠ نەمام و بنە دارییان لە ئاوایی \"راژان\"‌ی سەر بە بەخشی سیلوانای ورمێ‌چاندووە.

دەگوترێت کە تێچووی ئەو ٤٠٠ نەمامە لەسەر حیسابی هاووڵاتییان بووە و لە هەوڵێکی خۆڕسکدا ئەو کارەیان کردووە.

ئەو ٤٠٠ نەمامە لە چیاکانی دەورووبەریی ئاوایی راژان کە بە مەرتەعی راژان ناسراوە، چێندراون و ئامانج لەو کارەشیان بۆ پێشگیری لە دروستبوونی تۆز و خۆڵ و دروست کردنی کەش و هەوای تەندروست گەڕاندۆتەوە.

هەر لەو پێوەندییەدا لایەنگرانی ژینگە لەشاری مەهاباد دەورووبەریی بەنداوی شارەکەیان لە زبڵ و پاشماوەکان خاوێن کردۆتەوە.

بەوتەی یەکێک لەبەشداران، نزیک بە ٣٠٠ کەس لەخاوێن کردنەوەی بەنداوەکەدا بەشدار بوون و هەروەها خوێندکاران و قوتابیانیش رۆڵێکی بەرچاویان لەو چالاکییەدا هەبووە.

بەنداوی مەهاباد بە یەکێک لە سەیرانگە و شوێنە دڵڕفێنانە دێتە ئەژمار، کە خەڵکێکی زۆر بە مەبەستی گەشت و گوزار رووی تێ‌‌دەکەن.

لەلایەکی دیکەوە لە شاری نەغەدە بە بۆنەی حەفتەی پاکەوە ژمارەیەک لە خوێندکاران، قوتابیان و ئەندامانی ناوەندە ژینگەپارێزییەکان لەهەوڵێکی خۆرسکدا دەورووبەریی تاڵاوەکانی ئەو شارەییان خاوێن کردۆتەوە.

لەو بارەیەوە لێپرسراوی ئیدارەی ژینگەپارێزی نەغەدە رایگەیاندووە: هەموو ساڵێک لە حەفتەی پاکدا چالاکان و دۆستانی ژینگە دەورووبەریی تاڵاو و شوێنە گشتییەکان خاوێن دەکەنەوە.

هەر بەو بۆنەیەوە دەورووبەریی چۆمی \"زرینە\"‌ی سایین قەڵاش لە زبڵ و پاشماوەکان خاوێن کراوەتەوە.

فەرمانبەرانی پەروەردە و بارهێنان، شارەوانیی، ئیدارەی وەرزش و ژمارەیەک لە دۆستان و لایەنگرانی ژینگە لە شاری سایین قەڵا لەو هەوڵە ژینگەپارێزییەدا بەشدار بوون.
\"19627.jpg\"

\"19629.jpg\"

\"19628.jpg\"

\"19630.jpg\"

\"19632.jpg\"

\"19635.jpg\"

\"19636.jpg\"

\"19637.jpg\"

\"19638.jpg\"

\"19639.jpg\"

\"19640.jpg\"

\"19641.jpg\"

\"19634.jpg\"

\"19633.jpg\"