بەڕێوەچوونی چالاکیی ژینگەپاریزی لە شاری مەریوان

17:17 - 24 خەرمانان 2713
ئاژانسی کوردپا: ئەندامانی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان بە هاوکاریی ژینگەپارێزانی ئەو شارە، ژینگەی یەکێک لە ناوچە گەشتیارییەکانی مەریوان‌یان لە زبڵ و پاشماوەی گەشتیاران خاوێن کردەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی هەینی رێکەوتی ٢٢ی خەرمانان کە زیاتر لە ٢٠٠ کەس لە ئەندامانی ئەنجومەنی سەوزی چیا و ژینگەپارێزانی شاری مەریوان پێکهاتبوون، ناوچەی گەشتیاریی گوندی \"بیلوو\"ی سەربەو شارەیان لە زبڵ و پاشماوەی گەشتیاران داماڵی.

بە وتەی یەکێک لە چالاکانی ژینگەپارێزیی شاری مەریوان، هاوکات لە چەندین شار و ئوستانی ئێـرانیش وەک \" گیلان، تاران، کرماشان، کەنگاوەر، نەغەدە و چەندین شاری دیکەش چالاکیی هاوشێوە بەرێوە چووە.

رۆژی هەینی لە شاری نەغدە تیمە شاخەوانییەکانی \"سامڕەند، شاهۆ، زاگرۆس، سوڵتان یەعقووب، بێستوون، ئارارات، فەراز و ئەنجومەنی فەرهەنگی – هونەریی محەممەد هەوراز\"ی ئەو شارە، ژینگە و سروشتی ناوچەی شروێی شاری نەغەدە‌یان لە زبڵ و پاشماوە خاوێن کردەوە.

لە ماوەی ئەمساڵدا لە زۆربەی ناوچە کوردنشینەکانی ئێـران چالاکیی ژینگە پارێزی بەرێوەچووە و زۆربەی سەیرانگە و شوێنە گەشتیاری و میژووییەکان خاوێن کراونەتەوە.

هەروەها لە کۆتاییەکانی مانگی رەشەمەی ساڵی رابردوودا رێژەیەکی بەرچاو لە ژنان و کچانی ئەندام ئەندام لە گروپەکانی خاچی سووری \"ئارمان\"، سیروان و نسیم (سروە)ی شاری کەنگاوەر بەشێوەی خۆڕسک، \"پەرستگەی ئاناهیتا\"ی ئەو شارەیان خاوێن کردەوە.