بەڕێوەچوونی شەوە شێعرێک بۆ شاعیرانی کورد لە پیرانشار+وێنە

15:20 - 2 رەشەمه 2714
ئاژانسی کوردپا: بەبەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە شاعیران، چالاکانی فەرهەنگی و هاووڵاتییانی کورد، شەوە شێعرێک لە پیرانشار بەڕێوەچوو.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەنجومەنی فەرهەنگی ئەدەبیی رووناک لە پیرانشار، شەوە شێعرێکی بۆ چەند شاعیری کورد لەو شارەدا بەڕێوە برد.

لە سەرەتای ئەو شەوە شێعرەدا، قادر مورادی، بەرپرسی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشاد و محەمەد رەسووڵی، بەرپرسی ئەنجومەنی ئەدەبیی رووناک و سەلاح ئازغ بەرپرسی کتێبخانەی ئەنجومەنی ئەدەبیی رووناک، چەند وتەیەکیان پێشکەش کرد.

لەو شەوە شێعرەدا، ٢١ شاعیر و ئەدیبی کورد لە پیرانشار، لە پاژی جیاجیادا ٤٥ بەرهەمی ئەدەبییان پێشکەش کرد.

لە پاژی یەکەمدا مامۆستا ئەمیر خالیدی، خاتوون ئایدا مەقدووری، کەماڵ دەروێشی، خدر محەمەدی، سەلاح ئازغ، محەممەد ئاراوەند و لە پاژی دووەمدا مامۆستا عومەر ئیمام، ڕەحمان غەریب، مەحموود پەریخانی، خاتوون شەیدا عەلی‌پوور، حەسەن فەلاح‌نیا، عەزیز کۆساری، عوسمان حەسەن‌زادە و لە پاژی سێیەمیشدا: عوبەید سوورخابی، محەممەد ڕەسووڵی، هیوا مەحموودنەژاد، خاتوون تریفە ئاراوەند، هەباس سەدیقی، یوسف شووجاعی، فەتاح کاکە-مم، محەممەدئەمین عەلیزادە شێعرەکانیان پێشکەش بە بەشداران کرد.

هەروەها کێبەرکێی ئەدەبی و فەرهەنگی و قسەی نەستەق و حەیران بەشێک لە ناوئاخنی بەرنامەکە بوون کە لەلایەن خدر محەمەدی و موراد باپیرپوور و ئەبووبەکر ئازەرڕوو پێشکەش کرا و لە لایەن ئامادەبوانەوە پێشوازییەکی باشیان لێکرا.

لە کۆتایی کۆڕەکەدا خەڵاتی ئەم شەوە شێعرە پێشکەش بە بەشداربووان کرا و خەڵاتی کێبەرکێی ئەدەبی و فەرهەنگییەکە بە براوەو سەرکەوتانی ئەم بەشە بەخشرا.

ئەم شەوە شێعرە کاتژمێر ٣٠/١١ی شەو بە گرتنی وێنەی یادگاری شاعیران و بەشداربووان، کۆتایی پێهات.

\"24880.jpg\"

\"24878.jpg\"

\"24881.jpg\"