بەڕێوەچوونی سێیەمین خولی فێرکاریی زمانی کوردی لە کرماشان +وتوێژ

20:02 - 24 بەفرانبار 2714
ئاژانسی کوردپا: سێیەمین خولی پەروەردەیی زمانی کوردی، لەلایەن چالاکێکی فەرهەنگیی کوردی خەڵکی شاری کرماشانەوە لەو شارە بەرێوەچوو.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە درێژەی چالاکییەکانی ناوەندی فێرکاریی زمانی کوردیی \"سۆما\"، لقی ئەو ناوەندە فێرکارییە لە کرماشان سێ خولەی پەروەردەیی فێرکاریی رێنووس و رێزمانی کوردیی بە مامۆستایەتی خەبات (سەعید) خوسرەو ئابادی بەڕێوە بردووە.

لقی فێرگەی زمانی کوردیی سۆما، کە مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ لە کرماشان دەستی بە چالاکی کرد، لە سێ خولی فێرکاریی زمانی کوردیدا، ٥٠ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی کرماشانی فێری رێزمان و رێنووسی زمانی کوردیی کردووە.

خەبات خوسرەو ئابادی مامۆستای ئەو خولە فێرکارییە لە لێدوانێکدا بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، کتێبەکانی ناوەندی فێرکاریی سۆمای مەهاباد کە بە زاراوەی سۆرانین، هەوڵ ئەدەم لە رەوتی خولە فێرکارییەکاندا کەڵک لە زاراوەکانی سۆرانی و کەلهوڕی وەربگرم.

\"24200.jpg\"
بەرێوەچوونی سێیەمین خولی پەروەردەیی زمانی کوردی
ناوبراو، تێکەڵکردنی زاراوەی سۆرانی و کەلهوڕیی لە خولە فێرکارییەکاندا، هەوڵێک بۆ ستادارد کردنی زمانی کوردی لەقەڵم داو دەڵێت؛ ئەم شێوازە کاریگەریی زیاتری بۆ فێربوونی قوتابییەکان دەبێت.

ئەو چالاکە فەرهەنگییە لە وڵامی ئەو پرسیارەدا کە پێشوازیی خەڵک بە چ شێوەیەک بووەو فێرخوازانیش لە چ توێژێکن، رایگەیاند؛، پێشوازیی هاووڵاتییان بۆ فێربوونی رێنووس و رێزمانی کوردی لەو ماوە کورتەدا زۆر باش بووەو نزیک بە تێکڕای فێرخوازان دوکتور و خوێندکار بوونەو بڕوانامەی دیپلۆمی زمانی کوردییان وەرگرتووە.

ناوبراو دەشڵێت؛ زیاتر هەوڵ ئەدەم کە منداڵانی پۆلی سەرەتایی لەو خولە فێرکارییانەدا بەشدار بن، بەڵام بەداخەوە هەتا ئێستا لەو بارەیەوە سەرکەوتوو نەبووین.

بە گوتەی خوسرەوئابادی، رۆژی چوارشەممەی حەفتەی رابردوو سێیەمین خولی فێرکاریی رێنووس و رێزمانی کوردی کۆتایی پێهاتووەو لە حەفتەی داهاتووشدا چوارەمین خولی فێرخوازیی زمانی کوردی لە کرماشان دەست پێدەکات.

\"24197.jpg\"
خەبات خوسرەو ئابادی: من باوەڕم بە زمانی یەکگرتووی کوردی هەیە و لەو پەیونەدییەشدا دوو بەرهەمم ئامادە کردووە
بەرپرسی نوسینگەی فێرکاریی سۆما لە کرماشان ئەوەشی خستەروو، ئاواتم ئەوە بوو، کە پارە لە فێرخوازان وەرنەگرم، بەڵام بەهۆی ئەویکە ناوەندی سۆما پارەی کتێبە کوردییەکان لە ئێمە وەر دەگرێ، ناچارین ئێمەش پارە لە فێرخوازان وەربگرین.

خەبات خوسرەو ئابادی، کە هاوکات سەرقاڵی نووسینی کورتە چیرۆک بە زمانی کوردییە و رۆمانێکیشی بە مانی کوردی ئامادەی چاپ کردووە، لە هەوڵی ئەوەدایە کە مۆڵەتی فەرمی بۆ دامەزراندنی دامەزراوەیەکی سەربەخۆی فێرکاریی زمانی کوردی لە ئیدارەی فەرهەنگ وەربگرێت.

ئەو چالاکە کوردەلە وڵامی ئەو پرسیارەدا کە هەوڵی ئێوە لەو خولە فێرکارییانەدا هەتا چەندە لە راستای زمانی ستانداردی کوردی دایە، دەڵێت، من باوەڕم بە زمانی یەکگرتووی کوردی هەیە و لەو پەیونەدییەشدا دوو بەرهەمم ئامادە کردووەو لە بەرەبەری چاپدان، بەڵام ئەوەیکە ئێستا من لە خولە فێرکارییەکاندا دەیڵێمەوە هاتەریبە لەگەڵ ناوەندی سۆما، ئەوەش لەگەڵ روانگە و بۆچوونی من لەسەر زمانی پێوەر جیاوازیی هەیە، چونکە دوو پیت بە (ئەلفوبێ)ی زمانی کوردی زیاد کردووە، بەڵام من هەموو قوتابییەکان بۆ ئەو ەهان ئەدەم کە دوای خولە فێرکارییەکان بچن لەسەر زمانی یەکگرتووی کوردی کار بکەن.

فێرگەی زمانی کوردیی سۆما، کە ماوەی ١١ ساڵە دامەزراوە، ناوەندە سەرەکییەکەی لە شاری مەهابادە و بەربلاوترین ناونەدی سەربەخۆی فێرکاریی زمان و ئەدەبی کوردی لە کوردستانی ئێران دادەندرێ و بە گوتەی بەرێوەبەرانی ئەو ناوەندە فەرهەنگییە، سەدان مامۆستا و زیاتر لە ١٢ هەزار خوێندکاری هەبووەو لە ئیستادا نوێنەرایەتی لە ٤٥ شار، ٢٣٠ گوند و ٣٢ زانکۆدا هەیە.

\"24199.jpg\"