بەڕێوەچوونی رێوڕەسمێک بەبۆنەی رۆژی جیهانیی باڵندە کۆچەرییەکان لە کانی بەرازانی مەهاباد+وێنە

16:17 - 22 بانەمەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: بە بۆنەی رۆژی جیهانیی باڵندە کۆچەرییەکانەوە ژمارەیەک لە چالاکانی ژینگەپاریزیی کورد لە شاری مەهاباد رێوڕەسمێکیان لە تاڵاوی نێونەتەوەیی کانی بەرازانی ئەو شارە بەڕێوە برد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢١ی بانەمەڕ، ژمارەیەک لە چالاکی ژینگەپارێزی، خوێندکارانی زانکۆ و ئەنجومەنە خەڵکییەکان و قوتابییانی کورد، لە تاڵاوی کانی بەرازانی مەهاباد کۆبوونەوە.

ئەو رێوڕەسمە، کە بۆ یەکەمین جار بوو لە شاری مەهاباد بەرێوە دەچوو، بەرێوەبەرانی رێوڕەسمەکە ئامانجیان لەو کارە بۆ پەرەپیدانی فەرهەنگی ژینگەدۆستی و بەشداریی چالاکانی هاووڵاتییان لە پاراستنی باڵندە و پەلەوەرە کۆچەرییە و نەهێشتنی راوی باڵندەکان گەڕاندۆتەوە.

هەروەها پیشانگەیەک لە وێنە و تابلۆی باڵندە کۆچەرییەکان بۆ ئۆگرانی ژینگە کرایەوە و هاوکات هەواڵدەریی ئیرنا بڵاوی کرۆتەوە، بە مەبەستی بینینی باڵندە و پەلەوەرەکانی نێو تاڵاوی کانی بەرازان، چەندین تلیسکۆپ لە تەنیشت تاڵاوەکە دادندرابوون.

تاڵاوی کانی بەرازانی مەهاباد ٩٢٧ هێکتار رووبەری هەیە و ١٨٥ جۆر بوونەوەری ئاوی، پەلەوەر و گیانلەبەرانی دیکەی تێدا دەژین و ساڵانە ژمارەیەکی بەرچاو لە باڵەندە کۆچەرییەکان روو لە تاڵاو و ئاوەکانی دەورووبەری شاری مەهاباد دەکەن.

سالی ٢٠٠٦ی زایینی و بە مەبەستی سەرنج و گرینگیدانی زیاتر بە باڵندە کۆچەرییەکان و بەپێی رێکەوتننامەی باڵندەی کۆچەری نێو ئاوەکانی ئافریقا و ئووراسیا (ئورووپا و ئاسیا \"AEWA\") رۆژێک وەکوو رۆژی جیهانیی باڵندە کۆچەرییەکان دیاری کرا.

هاوکات لە ئوستانی کرماشانیش لە چەند رێوڕەسمی جیاوازی وەک (بەرێوەبردنی رکابەریی نیگارکێشیی منداڵان بە ناوەرۆکی باڵندەی کۆچەری و بەرێوەبردنی خولی راهێنان لە قوتابخانەکان بە مەبەستی پارێزگاری لە باڵندەکان) رۆژی جیهانیی باڵندە کۆچەرییەکان رێزی لێگیراوە.

وێنــه: ئیرنا
\"19915.jpg\"

\"19914.jpg\"

\"19917.jpg\"

\"19916.jpg\"

\"19918.jpg\"

\"19919.jpg\"

\"19920.jpg\"