بەڕێوەبەری کۆمپانیایەکی کامپیۆتر لە قوروە دەستبەسەر کرا

14:31 - 16 سەرماوەز 2716
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئەمنیەکانی ئێران بە هێرش بردنە سەر ماڵی ئەندازیارێکی نەرمەئامێر(Computer Software) لە شاری قوروە، ئەم هاووڵاتییەیان بۆ شوێنێکی نادیار گواستەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەر لەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە چواردەی سەرماوەز، هێزی ئیتلاعاتی قوروە لە پارێزگای کوردستان، هێرشیان کردووەتە سەر ماڵێک و لاوێک بە ناوی \"سابیر نادری\"یان دەستبەسەر کردووە.

لەو هێرشەدا کە نزیک بە ٢٠ هێزی چەکدار تێدا بەشداربوونە، هێرشبەرانی ئیتلاعات کەشێکی ترس و دڵەڕاوکێیان بۆ بنەماڵەی دەستبەسەر کراوەکە پێکهێناوە.

چەند بەرگ پەرتووک و نامیلکە، سێ لەپتاپ و مۆبایلی هەندێ لە ئەندامانی بنەماڵەی نادری لە کاتی ئەم هێرشکردنەدا، دەستیان بەسەردا گیراوە.

ئەم لاوە، بەڕێوەبەری کۆمپانیایەکی کامپیۆترە و سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکەی، لە هۆکاری گیران و تۆمەتی وەپاڵ دراوی، زانیارییەکی تەواو لەبەردەستدا نییە.

هەواڵی گەیشتوو بە هەواڵدەریی کوردپا باس لەوە دەکات کە؛ هاوکات، هێزی ئەمنیی حکوومەت چوونەتە کۆمپانیای \"شهیر نرم افزار پویا\" ـ شوێنی کاری سابیر نادری ـ لە شەقامی شەریعەتیی شاری قوروە و لە کارمەنەکان لێپێچینەوە کراوە و کامپیۆتێرەکانی نێو کۆمپانیاکەش پشکێندراون.

لە ماوەی ڕابردوودا دەیان هاووڵاتیی کورد کە لە ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی فەزای مەجازیدا چالاکی دەکەن، بانگ کراونەتە ناوەندە ئەمنییەکان و چەندین کەسیان دەستبەسەر کراون.

ئەم شەپۆلە لە گیرانی لاوەکان، پاش هەڕەشەکانی عەلی خامنەیی ڕێبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دێت کە سەبارەت بە \"گۆڕانی شێوازی ژیان و ڕۆژئاوایی بوونی\" هۆشداری دابوو.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە، زیاتر لە ٢٢٠ هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتیی_ئینتزامییەکانەوە دەستبەسەر کراون کە چارەنووسی نیوەی ئەو دەستبەسەرکراونە بە ناڕوونی ماوەتەوە.