بەڕێوەبەری کاناڵی تێلگرامی\"ئورمیە دەنگ\" دەسبەسەر کرا

21:03 - 22 خەزەڵوەر 2717
ئاژانسی کوردپا: کاناڵی تێلگرامی پایگای هەواڵی \"ئورمیە دەنگ\" داخرا و بەڕێوەبەری ئەو کاناڵە تێلگرامییە لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەڕێوەبەری کاناڵی تێلگرامی پایگای هەواڵی \"ئورمیە دەنگ\" بە ناوی \"سەلاحەدین ڕەنجبەر\" تەمەن ٢٤ ساڵ دەسبەسەر و کاناڵە تێلگرامییەکەشی داخرا. کاناڵی تێلگرامی پایگای هەواڵی \"ئورمیە دەنگ\" لەو بارەیەوە نووسیوویەتی: \"ئەم کاناڵە بە هۆی بڵاوکردنەوەی هەواڵی (تاوانبارانە) داخراوە\".

کاناڵی تێلگرامی پایگای هەواڵی \"ئورمیە دەنگ\" یەکێک لەو کاناڵانەیە کە ئەندامی زۆری هەیە و هەواڵی سیاسی، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی ئەو شارە ڕووماڵ دەکات و ئیزنی کار کردنی لە لایەن وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشادەوە پێ دراوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، بەڕێوەبەری کاناڵی پایگای هەواڵی \"ئورمیە دەنگ\" دەسبەسەر و هەروەها کاناڵەکەشی داخراوە.