بەڕێوەبەری کاناڵی \"بانە نیوز\" بە لێدانی ٧٤ زەربە قامچی مەحکووم کرا

15:31 - 31 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: \"شوجاع حوسێن‌زادە\" بەڕێوەبەری کاناڵی تێلگرامی \"بانە نیوز\"ی بە ٧٤ زەربە قامچی مەحکووم کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دەزگایی قەزایی حکوومەتی ئێران \"شوجاع حوسێن‌زادە\"، بەڕێوەبەری کاناڵی تێلگرامی \"بانە نیوز\"ی بە لێدانی ٧٤ زەربە قامچی مەحکووم کرد.

شوجاع حوسێن‌زادە لە وتووژێکی کورتدا لەگەڵ ئاژانسی کوردپا، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە ڕایگەیاند: \"لە سەردەمی فیلتێری تێلگرام پۆستێکی گاڵتە ئامێزم لە سەر کلیلەکەی حەسەن ڕۆحانی کە بە لایەکی دیکەدا دەسووڕا و بە جێبەجێنەکردنی بەڵێنەکانی خۆی، ڕەخنەم لە ناوبراو گرتبوو، بە بێڕیزی کردن بە سەرکۆمار تاوانبار کراوم\".

ناوبراو هەروەها دەڵێت: \"دەزگایی قەزایی ئەم حوکمەی بە تۆمەتی \"بێڕێزی بە سەرکۆمار\" بۆ من بڕیوەتەوە.

ئەو چالاکە تێلگرامییە بە نیسبەت بڕینەوەی ئەو حوکمە ناڕەزایەتی دەربڕیووە و بڕیارە لە دادگای پێداچوونەوە چاوخشاندنێک بە سەر ئەو حوکمەدا بکرێت.