بەڕێوەبەرانی کەمپەینی \"نا بە تانکەرەکانی مەرگ\" دەستبەسەر کران

14:43 - 16 رەزبەر 2716
ئاژانسی کوردپا: دوای ناڕەزایەتیی بەرینی هاووڵاتیانی شاری مەریوان، ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی ناڕازی لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر کران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنج‌شەممە ڕێکەوتی ١٥ی ڕەزبەر دوای بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە لایەن هاووڵاتییانی مەریوانی لە هەمبەر هاتوچۆی تانکەرەکانی سووتەمەنی لە جاددەکانی ئەو شارە، لە فەلەکەی بێسارانی، ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی ناڕازیی مەریوانی لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر کران.

هەندێک لە سەرچاوە هەواڵدەرییەکان باس لەوە دەکەن کە زیاتر لە ١٠ هاووڵاتی دەستبەسەر کراون.

لەو پێوەندییەدا، ٥ کەس لە چالاکانی کەمپەینی \"نا بە تانکەرەکانی مەرگ\" وەک ئەدمینی ئەو کەمپەینە لە کاناڵی تێلگرام، لە ماڵی خۆیدا لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

شوناسی ئەو ٥ هاووڵاتییە دەستبەسەرکراوە بە؛ ئارتین حەسەن‌زادە، بەهارە عارفی‌شێخ، سەیران خورنکا، ڕۆژین ڕەزایی و عادڵ ڕەشیدی ڕاگەیەندراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە ڕایگەیاند کە؛ بەهارە عارفی‌شێخ، ئەدمینی کەمپەینی \"نا بە تانکەرەکانی مەرگ\" لە تێگرام‌دا، دەستبەسەر کراوە. تا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەو هەواڵە، لە چارەنوسی ئەو چالاکە مەدەنییە دەستبەسەر کراوانە هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نیه.

دەستبەسەرکرانی ئەو هاووڵاتییانە لە کاتێکدایە کە خۆپیشاندەران داوای ئازادکرانی ئەو ٥ چالاکە مەدەنییەیان کردووە.

ڕۆژی ڕابردوو، هاووڵاتییانی شاری مەریوان سەبارەت بە کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران سەبارەت بە ڕووداوە دڵتەزێنەکانی دەرئەنجامی هاتوچۆی تانکەرەکانی سووتەمەنییەوە، ئەو خۆپیشاندانەیان بەڕێوە برد.

کۆبوونەوەی هاووڵاتییانی شاری مەریوان لەکاتێکدایە کە فەرمانداری ئەو شاره ڕایگەیاندبوو کە؛ ئیزنی هیچ جۆرە کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی بە دانیشتوانی ئەو شارە نەدراوە.

هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی ئەو خۆپیشاندانەی خەڵکی شاری مەریوان، حکوومەت لە شاری سنەوە هێزی نیزامیی بۆ میلیتاریزەکردنی شاری مەریوان هێنابووە ئەو شارە.

هاووڵاتییانی شاری مەریوان دوای خۆپیشاندانی ڕۆژی سێ‌شەممە لە هەمبەر مەترسیی تانکەرەکانی سووتەمەنی بۆ سەر گیان و ژیانی هاووڵاتییان، ڕۆژی ڕابردوو بۆ جاری دووهەم خۆپیشاندانیان هەر لەو پێوەندییەدا بەڕێوە برد.