بەڕووی زێرین پێشکەش به هونەرمەندی ئیلامی کرا

14:39 - 1 بەفرانبار 2715
ئاژانسی کوردپا: هونەرمەندێکی شاری ئیلام خەڵاتی تایبەت بە ڕێوڕەسمی شەوی یەلدا لە مەریوانی بردەوە.

بە پێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی ڕابردوو لە مەریوان، چوارەمین ڕێوڕەسمی شەوی یەلدا لە لایەن ناوەندی فەرهەنگی-هونەری ڤەژین بەڕێوە چوو.

لەو بۆنەیەدا کە سەرلە ئێوارەی ڕۆژی ٣٠ی سەرماوەز لە هۆڵی سینما \"کوردستان\" ڕێکخرابوو، عەلی‌دووست فەلاحەتی وەک براوەی ئەو خەڵاتە دیاری کرا.

\"29211.jpg\"
عەلی‌دووست فەلاحەتی
ناوبراو کە تەمەنی ٨٥ ساڵ دەبێ زیاتر لە ٥٠ ساڵەیشە کە خەریکی ژەنینی ئامێری دووزەلەیە و ئێستا خانەنشینکراوی ئیدارەی ژینگەی شاری ئیلامە.

لە دوو ساڵی ڕابردووشدا ئەو خەڵاتە پێشکەشی هادی زیائەدینی و جەلال مەلەکشا کرابوو.

شەوی یەڵدا یەکەم شەوی وەرزی زستان و درێژترین شەوی ساڵە کە بۆنەیەکی ئوستوورەیی و کەوناریی نێوان گەل و نەتەوەکانی رۆژهەڵات و بەتایبەتی لە ئێران و ناوچە کوردنشینەکانی ئێرانە کە لە هەر ناوچەیەکدا بەپێی نەریتی خۆیان یادی شەوی یەلدا دەکەنەوە.